هەڵەبجە، سیمیناری خاک بپارێزە لە ڕۆژی جیهانی ژینگەدا بەڕێوەچوو
سیمینارێک بە ناونیشانی "خاک بپارێزە" پێشکەشکرا و ژینگەپارێزێکیش دەڵێت پێویستە لەسەر هەمووان پارێزگاری لە ژینگە بکەین.
هەڵەبجە
ئەمڕۆ بەبۆنەی ٥ی حوزەیران، ڕۆژی جیهانی ژینگەوە ڕێکخراوی نوێ بۆ پاراستنی ژینگە و مافەکانی ژنان سیمینارێکیان لەسەر هۆشیارکردنەوەی هاوڵاتیان لە مەترسی پیسبوونی ژینگە و خاک ڕێکخست.
سیمینارەکە بە ناونیشانی "خاک بپارێزە" لەلایەن ژینۆ خالید، پرۆفیسۆری بواری ژینگە پێشکەشکرا و تێیدا باسی لە شێوازەکانی پاراستنی خاک و ئەو هۆکارانە کرد کە دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە.
سارا سەلام، لێپرسراوی بەشی ژینگە لە ڕێکخراوی نوێ تایبەت بە نوژنها وتی: ئەمڕۆ لە ژێر ناوی خاک بپارێزە کە وەک کەمپەینێکی جیهانی لێهاتووە لە ڕۆژی پاراستنی ژینگەدا سیمینارێکمان پێشکەش کرد، چونکە خاک بەشێکی گرنگی ژیانە و ژیانی بوونەوەران و ئادەمیزاد پەیوەستە بە پاراستنی خاکەوە.
سارا سەلام کە ژینگەپارێزێکە لە ڕێکخراوی نوێ تیشکی خستەسەر ئەوەی کە هەموو لایەک پێویستە خاک بپارێزین، چونکە ئەگەر بێت و خاک نەپارێزین، ئەوا ڕووبەڕووی بە بیابانبوون دەبینەوە، پێویستە سەرجەم هاوڵاتیان و ڕۆشنبیران خاک بپارێزن و تاوەکو ئەم هەسارەیەی لەسەری دەژین لە مەترسییەکانی کەمبکەینەوە و لە کەمپەینی خاک بپارێزەدا بەشدار بین.