"بە فەلسەفەی 'ژن، ژیان، ئازادی' تۆڵە دەکەینەوە"

ژنانی گەنجی کانتۆنی کۆبانێ بە ڕێپێوانێک یادی تێکۆشەران ساکینە جانسز و لەیلا شایلەمەز و فیدان دۆغانیان کردەوە، ژنانی گەنج وتیان: "ئێمە میراتی ساکینە جانسز دەپارێزین و بە فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" تۆڵە دەکەینەوە".

کۆبانێ

 

لە ٩یکانوونی دووەمی ٢٠١٣ دەوڵەتی تورک لە شاری پاریسی پایتەختی فەرەنسا سێ پێشەنگی تێکۆشانی ئازادیی ژنانی کورد ساکینە جانسز و فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەزی تیرۆر کرد، دەوڵەتی تورک دوای ١٠ ساڵ لەو کۆمەڵکوژییە لە ٢٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢دا کۆمەڵکوژییەکی دیکەی لە پاریس ئەنجامدا، لە ساڵیادی کۆمەڵکوژی یەکەم و دووەمین کۆمەڵکوژی پاریسدا، لە سەرتاسەری کوردستان و دەرەوەی وڵات چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت.

 

یەکێتی ژنانی گەنجی فورات لە ١٠یەمین ساڵیادی یەکەمین کۆمەڵکوژی پاریس بە دروشمی "ئێمە بە ڕێگەی تێکۆشان ئازادی ساکینە ئەڤینەکان زیاتر دەکەین" ڕێپێوانێکیان ڕێکخست، ژنانی گەنج بە هەڵگرتنی مەشخەڵ و وێنەی هەرسێ تێکۆشەرەکەو بەرزکردنەوەی دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" و "شەهید نامرن" لە مەیدانی ژنانی ئازاددا ڕێپێوانیان کرد.

 

فریاڵ تەمی، وتەبێژی یەکێتی ژنانی گەنجی تێکۆشەر، لە مەیدانی ژنانی ئازاد قسەیکرد و وتی: "ماوەی چەند ساڵێکە دەوڵەتی تورک پێشەنگی ژنان دەکاتە ئامانج کە بۆ ئازادی ژنان و کۆمەڵگە تێدەکۆشن، وەک دەزانرێت لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا ژنان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا خەباتێکی گەورەیان هەیە، بۆیە لەناوچوونی سیستمی فاشیستیی و پیاوسالاریی بە تێکۆشانی ژنان دەکرێت، ئێمە وەک یەکێتی ژنانی گەنج بە ڕۆحی شەهید ساکینە جانسز و ئەڤین تێدەکۆشین و ئاستی بەرخۆدان بەرزدەکەینەوە، هێز و ئیرادەی خۆمان لە فەلسەفەی ئازادیی ژنان وەردەگرین و سەرکەوتن بەدەستدێنین و ئازادیمان مسۆگەر دەکەین و تۆڵەی پێشەنگەکانمان دەکەینەوە".

 

ڕێپێوانەکە بە سڵاو بۆ تێکۆشانی ژنان لە دژی وشیاریی دەوڵەتی پیاو کۆتایی هات.

 

"تێکۆشانمان بە کۆمەڵکوژیی لاواز نابێت"

ڕۆدین بۆزان، ئەندامی یەکێتی ژنانی گەنج ئاماژەی بەوەکرد، کە تێکۆشانیان بۆ ئازادی بەرزدەکەنەوە و وتی: "فەڕەنسا و هەموو جیهان ئەوە دەزانن کە ئەو دوو کۆمەڵکوژییەی پاریس لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ئەنجام دراوە، لە یەکەم کۆمەڵکوژیدا بکوژەکە لە زینداندا کوژرا کە ئاماژە بەوە دەکات کە هێزە هاوبەشەکان دەیانەوێت ڕووداوەکە بگرنەدەست و کەیسەکە بوەستێنن تا ئێستا هیچ زانیاری و بڕیارێکی کرداری لە کۆمەڵکوژی دووەمدا نییە، ئەمەش ئەو پیلانگێڕییەی کە دەوڵەتی تورک دروستی کردووە پشتڕاست دەکاتەوە لە دژی ئەم سیاسەت و کۆمەڵکوژیانە ئێمە وەک ژنانی گەنجی کورد هەمیشە بۆ تۆڵەسەندنەوە لەسەرپێین و بۆهەڤاڵانمان تێدەکۆشین، ئیرادەی ئێمە و پێداگریمان لەسەر ئازادی بەهۆی ئەو جۆرە هێرشانە لاواز نابێت، بە پێچەوانەوە ڕۆژ بە ڕۆژ بەهێزتر دەبین و تووڕەییمان لە بەرامبەر دوژمندا ڕوو لە زیادبوون دەکات".