لە یەمەن بە ملیۆنان منداڵ لە خوێندن دابڕاون

یونیسێف ئاشکرای کرد، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە ملیۆنان منداڵ لە یەمەن لە خوێندن دابڕاون.

ناوەندی هەواڵ

 

سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان 'یونیسێف' ڕایگەیاند، لە ئەنجامی ئەو شەڕەی کە نزیکەی نۆ ساڵە بەردەوامە، زیاتر لە چوار ملیۆن و ٥٠٠ هەزار منداڵ لە یەمەن لە خوێندن دابڕاون.

 

یونیسێف لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی پشتڕاستیکردووەتەوە کە لە سەرەتای شەڕی یەمەنەوە لە مانگی ئاداری ٢٠١٥، هێرشەکان بۆ سەر منداڵانی قوتابخانە و مامۆستایان و ژێرخانی قوتابخانە کاریگەریی وێرانکەری لەسەر پەروەردە دروست کردووە سیستەم لە وڵات بۆ خوێنداکاران تێکچووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، شەڕ و تێکچوونی بەردەوامی پرۆسەی پەروەردە لە سەرانسەری یەمەن و پارچەپارچەبوونی سیستەمی پەروەردەی "نزیکە لە داڕمان" کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر فێربوون و گەشەکردنی زانستی و تەندروستی دەروونی منداڵان هەبووە.

 

دوو هەزار و ٩١٦ قوتابخانە، واتە لانیکەم لە هەر چوار قوتابخانە قوتابخانەیەک وێران بوون، بەشێکیان زیانیان بەرکەوتووە، ئەمەش لە ئەنجامی ساڵانێک شەڕ لە وڵاتەکەدا ڕوویدا، ئەمە جگە لەوەی زیاتر لە دوو لەسەر سێی مامۆستایان، واتە نزیکەی ١٧٢ هەزار مامۆستا لە هەردوو ڕەگەز، مووچەکانیان وەرنەگرتووە، لە ساڵی ٢٠١٦ەوە بە شێوەیەکی ناڕێک وانە دەڵێنەوە.