"شەهید ناگیهان خەزێنەیەک بوو پڕ لە تێکۆشان و زانیاری"
ژنان و چالاکوانان بەشداری پرسەی شەهید ناگیهان ئاکارسەلیان کرد و باسیان لە خەبات و تێکۆشانەکانی کرد، کە لە پێناو بەرەو پێشچوونی پرسی ژنان کردوویەتی.
سلێمانی
پەروا عەلی ئەندامی کەنەکە، لە کاتی بەشداری کردنی لە پرسەی شەهید ناگیهان ئاکارسەل، وتی " سەرەتا سەری ڕێزم دادەنەوێنم بۆ سەرجەم شەهیدان و شەهید ناگیهان ئاکارسەل، هەموو شەهیدانی دیکەی ڕێگەی ڕزگاری کوردستان، کە لە پێناوی ئازادی و خاکی کوردستان شەهید بوون."
"شەهید ناگیهان وەک پەناهەندە لێرە دەژیا "
پەروا عەلی ئاماژەی بەوە کرد کە شەهید ناگیهان خەزێنەیەک بوو لە خەبات و تێکۆشان و پڕ لە زانیاری، چالاکی، کەسێکی ئەکادیمی و ڕۆژنامەنووسێکی لێهاتوو بوو، و وتی: " شەهید ناگیهان هەرچەندە وەک پەناهەندە دەژیا لە شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان هەرچەندە کە باشووریش خاکی خۆیەتی و بەشێکە لە هەر چوار پارچەی کوردستان، بەڵام سەرباری ئەوەی ئەو تەنها لە شارێکدا دەژیا بەڵام ئەمە نەبووە ڕێگر لە بەردەمیدا و لە ڕێگەی چالاکیەکانیەوە هەموو سنورەکانی بڕیبوو، شەهیدبوو نی ناگیهان ئاکارسەل زیانێکی گەورە بوو بۆ ژنی کورد و بۆ هەموو ئەو کار و چالاکیانەی ئەنجامیدەدا، لەبەر ئەوەی هەمیشە خەونی گەشەسەندن و پێشخستنی خەباتی بێوچانی ژنانی هەبوو ".
"ئازادی لەسەر دەستی ژنانە"
لە کۆتایدا پەروا عەلی وتی: "شەهید ناگیهان بە هزرێکی ژنانە و نەتەوایەتییەوە هەوڵی دەدا پرسی ژنان پێشبخات، لە ڕێگەی ئەو کار و بەرنامانەی کە هەیبوو و ئەو کۆرسانەی دەیکردنەوە بۆ ژنان، "ژن، ژیان ئازدی" کردبوو بە دروشمی خۆی، وەک سەرنوسەری گۆڤاری ژنۆلۆژی کاریدەکرد، تیرۆرکردنی ژنێکی ئاوا لێهاتوو و بەتوانا بۆ ئەوەیە ژنان بێدەنگ بکرێن، پێیان وایە دەتوانن خەباتی ژنان لە ڕێگەی چالاکوانەکانەوە بێدەنگ بکرێن، هەڵبەت داگیرکەر لە ژنانی بەتوانا و لێهاتوو و سەربەرز دەترسن کە بەوپەڕی تواناوە بێ هیلاک بوون هەوڵددەن، بەڵام ژنان هەر بەردەوامن و درێژە پێدەری ڕێبازەکەی دەبین چونکە ئازادی لەسەر دەستی ژنان بەدیدێت".