نرخی تەماتە لە هیندستان بۆ چوار هێندە بەرزبووەتەوە

شەپۆلی گەرما لافاو بووەتە هۆی زیادبوونی چوار هێندەی نرخی تەماتە لە هیندستان، بەرهەمەکانیش پێویستیان بە پاسەوان هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

کەشوهەوای هیندستان کاریگەری لەسەر بەرهەمە کشتوکاڵییەکان هەیە، بە تایبەتی بەروبوومی تەماتە زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.

 

هەواڵەکانی ناوخۆی هیندستان ڕایانگەیاندووە تەماتە ئەوەندە گران بووە کە دوکانەکان بۆ پاراستنی پێویستیان بە پاسەوان هەیە، بەهۆی ئەوەی لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا نرخی تەماتە چوار هێندە بەرزبووەتەوە و ئێستا نرخی یەک کیلۆی زیاترە لە لیترێک بەنزین، ئەمەش هاوڵاتیانی ڕووبەڕووی قەیران کردووەتەوە.

 

بارانبارینی و شەپۆلی گەرمای سووتێنەر لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوو، بووەتە هۆی لافاو و داڕمانی زەوی، سەدان کەس لە هیندستان گیانیان لەدەستداوە، کەشوهەوای هیندستان و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بووەتە هۆی لەناوچوونی بەرهەمی تەماتە.

 

ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی بڵاویکردەوە، نرخی هەر کیلۆیەک لە شارە گەورەکانی وەک مومبای و نیودەهلی لە ٤٠ ڕوپیە "٠.٤٤ یۆرۆ" بۆ سەرووی ١٦٠ ڕوپیە "١.٧٦یۆرۆ" بەرزبووەتەوە، تەنها چەند مانگێک پێشتر نرخی بازرگانی تەماتە بۆ کەمتر لە دوو ڕوپیە "٠.٠٢ یۆرۆ" دابەزیبوو، ئەمەش زیانێکی زۆری بە جووتیارانی ناوچەکە گەیاندووە.

 

تەماتە وەک پێکهاتەیەکی سەرەکی لە زۆرێک لە خواردنەکانی هیندستان بەکاردەهێندرێت، ئێستا زۆرێک لە ماڵەکان وازیان لە کڕینی هێناوە، تەنانەت زنجیرەی خواردنی خێرای وەک ماکدۆناڵدز ڕایگەیاندووە کە چیتر تەماتە لەگەڵ خواردنەکانیان پێشکەش ناکات.

 

لە مانگی حوزەیران شەپۆلێکی گەرمای سووتێنەر هیندستانی گرتەوە و پلەکانی گەرما گەیشتە ٤٣.٥ پلەی سەدی، پارێزگای نیودەلهی مانگی تەمموز لەم هەفتەیەدا تەڕترین ڕۆژی مانگی تەمموزی لە ماوەی ٤٠ ساڵدا تۆمارکردووە، چونکە لافاو لە باکووری هیندستان بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە ١٠٠ کەس.