دەریا ڕەمەزان: یەکێتی ژنان گرنگە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان 

دەریا ڕەمەزان، ئەندامی مەکتەبی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک وتی: دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک لە کەسایەتی ژناندا شکست پێ بهێنێت، یەکگرتوویی دژی هێرشەکان پێویستە. 

ڕۆژ هۆزان 

 

قامیشلۆ- دەریا ڕەمەزان، ئەندامی مەکتەبی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک "MSD" هەڵسەنگاندنی بۆ هێرشەکانی سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بەئامانجکردنی ژنان کرد  و هەروەها پرسی دادگاییکردنی چەتەکانی داعش لەلایەن خۆبەڕێوەبەری و پلانەکانی دژ بە شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا کرد.

 

ئەو ژنانەی پێشەنگی شۆڕش بوون دەکرێنە ئامانج

دەریا ڕەمەزان، بە نزیکبوونەوە لە ١١یەمین ساڵیادی شۆڕشی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا تیشکی خستە سەر پێشەنگایەتی ژنان بۆ شۆڕشەکە و وتی: "ژنان دەستیان بە ڕێپێوانی ئازادی کردووە لە پێناوی ئەو گەلەی کە لەژێر ستەمی سیستمەکاندا ئازاریان دەچەشت، ئەو شۆڕشەی کە دەیویست ژنان لە لایەکەوە و کۆمەڵگە لە لایەکی دیکەوە ئازاد بکات، ئەمڕۆ ئامانجی دوژمنەکانە، ژنان لە هەموو بوارەکاندا ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە و بوونەتە هێمایەکی جیهانی و لە گرنگترین شوێنەکانی بڕیاردان پێگەیان هەیە، بۆیە دەبینین کە زۆرترین هێرش دەکرێتە سەریان و بە ئامانج دەگیرێن."

 

"دوژمن لە ئیرادەی ژنان دەترسن"

دەریا ڕەمەزان ئاماژەی بەوەکرد، ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا پڕۆژەیەکی ئاشتیان پێشکەش بە هەموو ژنان کردووە و وتی: "دوژمنانی ژنان لە مەترسیدان تا چ ئاستێک پڕۆژەی ژنان کاریگەری لەسەر هەموو ژنان دەبێت و ڕووبەڕووی ژنانی توڕە دەبنەوە، ڕووداوەکانی دژ بە ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا نموونەیەکی ڕوونن بۆ ئەوەی دوژمن چەند لە ئیرادەی ژنان دەترسێت، هەتا چەند ڕۆژێک لەمەوبەر فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکیا نوێنەرانی خۆبەڕێوەبەری یوسرا دەروێش و لێمان شیوێشیان کردە ئامانج، پێش ئەو دوو ژنە، دەوڵەتی تورکیا ژنانی فەرماندە و سیاسەتمەداران و چالاکوانان و ژنانی مەدەنی کردە ئامانج، ئەمە تەنها ئامانجێکە کە دەوڵەتی تورک دەیەوێت ئەو پێشەنگانە لەناو ببات کە پێشەنگایەتی ئەم شۆڕشە دەکەن، ئەوان دەیانەوێت پڕۆژەی خۆبەڕێوەبردن لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە کەسایەتی ژنان تێکبشکێنن."

 

بارودۆخی ژنان لە ناوچە داگیرکراوەکاندا

دەریا ڕەمەزان، سەبارەت بە سیاسەتی قڕکردن لەو ناوچانەی کە دەوڵەتی تورکیا داگیری کردووە، وتی زۆربەی ژنان لەو ناوچانەدا ڕووبەڕووی سیاسەتی قڕکردن دەبنەوە، سەرەڕای ئەو سەختییانەی لەژێر هێرشی داگیرکاریدان، بەڵام ژنان کۆیلایەتی قبوڵ ناکەن، وتیش: "دەوڵەتی تورکیا باش دەزانێت ژنان لەهەرکوێ بن شۆڕشێک لەگەڵ خۆیاندا بونیات دەنێن، بۆیە زۆرترین هێرش دەکەنە سەر ژیان و دەستکەوتەکانی ژنان، دەوڵەتی تورک و چەتەکانی دەیانەوێت بە هەموو هەوڵەکانیان ڕێگری لە ئازادی و قبوڵکردنی ژنان بکەن، بەڵام ئەم دوژمنە چیتر ناتوانێت ڕێگری لە ئیرادەی ژیان و ئازادی ژنان بکات، ئەوان خۆیان دەزانن کە ژنان لە هەر کوێیەک بن لە شۆڕشەکەیاندا سەرکەوتوو دەبن."

 

نزیکەی ٦٠هەزار داعش زیندانیکراون

دەریا ڕەمەزان تیشکی خستە سەر بارودۆخی زیندانیانی داعش و هەوڵەکانی چارەسەریی خۆبەڕێوەبەری لەسەر داواکارییەکانی خۆبەڕێوەبەری بۆ دادگاییکردنی ئەو چەتانەی داعش کە زۆربەیان تاوانیان دژی ژنان ئەنجام داوە، دوای هەڵمەتی زریان کە کۆتایی بە داعش هێنا و تا ئەمڕۆش خۆبەڕێوەبەری داوا لە جیهان دەکات بێن چەتەکانی خۆیان ببەن، بەڵام تا ئێستا هیچ هەڵوێستێکی جددی لەلایەن هێزە بەرپرسەکانەوە نەگیراوەتەبەر.

 

"ئەو ژنانەی لە دژی داعش شەڕیان کرد دەکرێنە ئامانج"

دەریا ڕەمەزان وتی: "ناوچەکەمان لە مەترسیدایە، نزیکەی ٦٠ هەزار چەتە لە زیندانەکانی هەرێمەکەدان و تا ئێستا جیهان لە مەترسییەکانیان دەپارێزین بە هەموو توانای خۆمان، ئەم ئەرکە تەنها ئەرکی ئێمە نییە، بەڵکو ئەرکی هەموو هێزە نێودەوڵەتییەکانە، چونکە زۆربەی چەتەکان هاوڵاتی خۆیانن، لەم دواییانەدا خۆبەڕێوەبەری بڕیاری داوە کەیسی دادگاییکردنی ئەو چەتانە چارەسەر بکات و بەم بڕیارە دەوڵەتی تورکیا جارێکی دیکە هێرشەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا  بۆ پاراستنی داعش زیاد دەکات، با جیهان ئەوە لەبیر نەکات کە ئەو ژنانەی ئەمڕۆ دەکرێنە ئامانج وڵاتەکانیان لە تیرۆریزم ڕزگار کردووە، بۆیە پێویستە هەڵوێستێک بگرنەبەر  بۆ پاراستنی داعشبە ئامانجکردنی ژنان.

 

"هۆکاری سەرەکی دەرێژەدان بە ئاڵۆزییەکان دەوڵەتە هەژموونیەکانن"

دەریا ڕەمەزان تیشکی خستە سەر چارەسەرکردنی کێشەی سوریا، کە هۆکاری سەرەکییە بۆ درێژکردنەوەی قەیرانەکە  وتی: "ئێمە لە پڕۆسەی دۆزینەوەی چارەسەرێکی هەمیشەیین بۆ سوریایەکی دیموکراتیک، دەوڵەتی تورکیا بە تەنها هێرش ناکات و ناتوانێت بڕیاری خۆی بدات، بێگومان ئەو لایەنانەی کە دەیانەوێت ڕێگری لە چارەسەر بکەن لە کاردان، لە چەندین کۆبوونەوە و ڕێککەوتندا پلان دەربارەی ناوچەکەمان دروستکرا، هەموومان دەزانین کێ لەو کۆبوونەوانەدا دانیشتووە و پلانی سەرەتایی چییە؟ بەرژەوەندی وڵاتان هۆکاری سەرەکییه بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سوریا، حکومەتی ئەردۆغان دوای هەڵبژاردنەکانی خۆی دووبارە قەیرانە ناوخۆییەکانی خۆی دوور دەخاتەوە و بە بیانووی پووچ هێرش دەکاتە سەر هەرێمەکانمان، هەروەها هەرێمەکانی ئێمە و سوریا بەگشتی بوونەتە قوربانی شەڕی وڵاتانی هەژموونی، بۆیە ئەم دەوڵەتە هەژمونییانە دەیانەوێت هەمیشە قەیرانێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت و بازرگانی خۆیان لەسەر حسابی خەڵک ئەنجام بدەن."

 

بانگەواز بۆ تێکۆشان و یەکگرتن

دەریا ڕەمەزان داوای سەرهەڵدانی لە تەواوی ژنان کرد و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی : "ئەو ژنانەی کە خۆیان بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" ڕێکخستووە، پێویستە لە سەرانسەری جیهاندا پشتیوانی لە یەکتر بکەن، ئەگەر بمانەوێت کوشتنی دژی ژنان بوەستێندرێت، دەبێت هەڵوێست و بڕیار و پێگەی ژنان بەهێز بێت، ڕووداوەکانی بە ئامانجکردنی ژنان ئێمە لاواز ناکات، چونکە ئێمە هەموو هێرشەکانی دوژمنمان لەبەرچاو گرتووە لەو کاتەوەی داوای مافی ئازادیمان کردووە، پشتیوانی ژنان لە یەکتر کاریگەری گشتی لەسەر جیهان دەبێت."