حکومەتی نوێی تورکیا لە ١٨ وەزیر تەنها وەزیرێک ژنە

شەوی ڕابردوو حکومەتی نوێی دەوڵەتی تورک ڕاگەیەندراو لەکۆی ١٨ وەزیر تەنها وەزیرێک ژنە.

ناوەندی هەواڵ

 

پەراوێزخستن و دوورخستنەوەی ژنان لە پۆستە باڵاکاندا تادێت بەهۆی عەقڵیەتی پیاوسالاری و دەوڵەتەوە ڕێژەکەی ڕوو لە زیادبوونە، دەوڵەتی تورکیش کە ژنی تەنها وەک ئامڕازێک نیشانداوە شەوی ڕابردوو کاتێک کابینەی حکومەتی نوێ بۆ پێنج ساڵی داهاتوو ڕاگەیەندرا، لە کۆی ١٨ وەزارەت، تەنها یەک وەزارەت دراوە بە ژن کە وەزارەتی کۆمەڵایەتی و خێزانە.

 

لەو کاتەوەی ئەردۆغان سەرۆکایەتی تورکیای گرتووەتە دەست، کەمترین ڕێژەی ژنان لە کابینەکانی حکومەت و پەرلەماندا بەشدارییان پێکراوە، بەشێوەیەک تەنها یەک یان دوو وەزارەت دراوە بە ژنان.

 

لە ساڵی ٢٠٠٣- تا ٢٠١٢ ڕێژەی بەشداریی ژنان لە پەرلەماندا، نەگەیشتبووە ١٠٪، لەگەڵ دەستبەکاربوونی پارتی دیموکراتی گەلان- هەدەپە ڕێژەکە بۆ زیاتر لە ١٧٪ بەرز بووەوە، کە هۆکارەکەشی بۆ ڕێژەی بەشداریی زۆری ژنان بوو لە هەدەپەدا، لە دواین هەڵبژاردنیشدا بە هەمان شێوە هەدەپە و پارتی چەپی سەوز توانیان زۆرترین کورسییەکانی پەرلەمان بدەن بەژنان.