ئەم نەوەیە تاریکی دیکتاتۆریەت بە چرای ئازادی دەگۆڕێت
یاوەریکردنی مامۆستایانی ناڕازی لەگەڵ قوتابیان لە ڕاپەڕینی "ژن، ژیان، ئازادی" یەکێک بوو لە جوانییەکانی ئەم شۆڕشە، یه کێک له بەڕێوەبەری ئه و قوتابخانانه دەڵێت: ئەو نەوەیەی ئەمڕۆ له قوتابخانه و زانکۆکاندا هەیە، نەوەیەکی تەواو جیاواز و زانایه.
لارا گەوهەری
مەهاباد- کچە خوێندکارەکان لە ڕاپەڕینەکەی ئەم دواییە کە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەریهەڵدا، ڕۆڵێکی دیاریان هەبوو و لە پێناو ئازادی خۆیان و ئازادی کۆمەڵگاکەیان خەباتیان کرد.
مامۆستایان و بەڕێوەبەران بۆ پاراستن و پاڵپشتیکردنیان لە پاڵ خوێندکاران وەستابوون، ئەمەش وایکرد بەشێکیان لە دەوام دەربکرێن یاخود موچەکانیان بوەستێت و بەشێکی دیکەشیان دەستگیرکران.
فەهیمە شەریفی "ناوی خوازراو"، بەڕێوەبەری قوتابخانەیەکی ناوەندیی کچانە لە تارانی پایتەختی ئێران، ڕۆڵی خوێندکارانی کچ لە ڕاپەڕینی ئەم دواییە دەخاتەڕوو.
کاریگەری ڕاپەڕینی ژینا ئەمینی لەسەر خواستی قوتابیان بەتایبەتی قوتابیانی کچ بۆ ئازادی چییە؟
ئەو نەوەیەی ئەمڕۆ لە قوتابخانە و زانکۆکاندایە، نەوەیەکی تەواو جیاواز و ڕۆشنبیرە و تێگەیشتنێکی زۆر قووڵی هەیە بۆ ڕووداوەکان، پێش ڕاپەڕینی ژینا، قوتابیان بەشێوەیەکی ڕووبەڕووبوونەوە ئازادیی خۆیان نیشان دەدا و ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیەش تەنیا لەگەڵ ڕێساکانی حوکمڕانی قوتابخانەکەدا نەبوو، بەڵکو لەگەڵ تەواوی ڕێساکان بوو کە هەوڵیان دا بیگۆڕن و ڕەهەندی کلاسیک و تەقلیدی تێپەڕێنن، ڕاپەڕینی ژینا وەک نەوتێک بوو کە لەسەر ئاگرێکی گەشاوە دەڕژێت و بڵێسەی ئاگرەکانیان گەورەتر دەکات.
مامۆستایان و قوتابیان لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا چ کارێکیان ئەنجامدا؟
یەکەم کارەکانی قوتابیان لابردنی حیجاب بوو، کە هەوڵمان دا پشتگیریان بکەین، ئێمە تەواوی خزمەتگوزاری گواستنەوەمان بەجۆرێک کۆنتڕۆڵ کرد کە بەهۆی نەپۆشینی حیجابەوە تووشی کێشە نەبن و پێم وایە جوانترین دیمەن بینینی قژی جوانی کچانی قوتابخانە بوو بەبێ حیجابی زۆرەملێ.
منداڵەکان تەواوی لاپەڕەکانیان دەدڕاند کە وێنەی خومەینی لەسەر بوو و پێیان دەخستە سەر وێنە دڕاوەکان، وێنەکانی خومەینی و خامنەیی کە بە دیوارەوە هەڵواسرابوون بە تەواوی شکێنران و ئیتر ئەو وێنانەمان دانەنا و تەنانەت ئەو وێنانەشم لە ئۆفیسەکەم لابرد.
لە سەردەمی ڕاپەڕینی ژینا قوتابیان لە قوتابخانە و دەرەوە چ چالاکیەکیان ئەنجامدا و مامۆستایان چۆن پشتیوانیان لێکردن؟
قوتابیان لە ناوەوە و دەرەوەی قوتابخانەکەدا بە بەکارهێنانی سپرا دروشمیان دەنووسی، ئێمەش بەبێ هیچ کردارێک تەواوی ناوەوەی قوتابخانەکەمان پێداون و تەواوی دیوارەکانی قوتابخانەکە پڕ بوون لە دروشمی قوتابیان، تەنانەت دوو لە گرتە ڤیدیۆییەکان کە گرتبوویان لە ئاژانسەکانی هەواڵدا پەخش دەکرا.
من بۆخۆم دروشمم نووسی بۆئەوەی نیشان بدەم لەناو قوتابخانە لەگەڵ قوتابیەکان بووین، هەموو مامۆستاکانیش یاوەریان بوون هەم لە ناو پۆل و چ لە دەرەوەی پۆل، هەروەها مامۆستام هەبوو کە بەبێ حیجاب دەچوونە پۆل.
لە میانەی ئەو دیدارەی لەگەڵ بەشی پەروەردەی هەرێم ئەنجاممان دا، ڕامانگەیاند کە نابێت لە هیچ بارودۆخێکدا ڕێگە بە هێزە ئەمنییەکان بدەن بچنە ناو قوتابخانەکە و نزیکەی هەموو ئەو چارەسەرانەی کە لەلایەن مامۆستایان و کارگێڕانەوە خراوەتەڕوو، دژی حکومەت بوون.
ئایا خوێندکارەکانتان بەشداری ناڕەزایەتی شەقامەکانیان کردووە یان خوێندکارێکتان هەبووە کە دەستگیر کراوە؟
زۆرێک لە خوێندکاران لە قوتابخانەوە چوونە ناو ناڕەزایەتییەکانی سەر شەقام، وەک چارەسەری بەستنی ماسک و داپۆشینی ڕووخسارم بۆ پێشنیار کردن، بە تەنیا نەڕۆن و لەگەڵ چەند کەسێک پێکەوە بن و ئاو لەگەڵ خۆیان ببەن.
لەدوای داخستنی قوتابخانەکە ڕووبەڕووی مەترسییەکی زۆر بووینەوە و هەندێکجار دەبوو لەگەڵ هاوکارەکانم قەڵغانی مرۆیی بۆ قوتابیان دروست بکەین بۆ ئەوەی قوتابیان بەبێ دەستوەردانی هێزە ئەمنییەکانی حکومەت و بەبێ ئەوەی زیان بە منداڵەکان بگەیەنن ناڕەزایەتی خۆیان دەرببڕن و دروشمەکانیان بڵێنەوە لە دەرەوەی حەوشەی قوتابخانە.
هەروەها دوو حاڵەتی خوێندکارم هەبوو کە لە کاتی گەڕانەوەیان لە قوتابخانە لە کاتی وتنەوەی دروشم لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندرابوون، لە کاتی خۆپیشاندانەکاندا چەندین خوێندکار دەستگیرکراون و تا ئێستاش نازانین ژمارەیان چەند دەبێت، ئێمە خوێندکاری شارەکانی ترمان وەرگرتووە کە دەستگیر کراون.
باری دەروونی خوێندکاران دوای دەرچوونیان لە زیندان چۆنە؟
باری دەروونی ئەو خوێندکارانەی لە زیندان ئازاد کراون بە هیچ شێوەیەک باش نییە، یەکێک لە کچەکان تەنها چاوی لە گۆشەیەک دەڕوانێت و هەرگیز هیچی نەوتووە و بەداخەوە یەکێک لە منداڵەکانیش دوای ئازادبوونی لە زیندان هەوڵی خۆکوژی داوە بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، ئێمە هەموو ئەم خوێندکارانەمان ڕەوانەی پزیشکی دەروونناسی متمانەپێکراو کردووە، ئەو دەروونناسە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پێویستە هیچیان لێ نەپرسین و هەوڵی ئەوە بدەین دۆخەکە بەجۆرێک نیشان بدەین کە تەنها نەبن و هیچ شتێکیان بەسەردا نەهاتووە.
ئەو خوێندکارەی کە دەستگیرکرا وە بەم شێوەیە گێڕایەوە، کە لە دۆخی دانیشتندا، ئەژنۆکانی لە باوەش گرتووە و دوو پەنجەی گەورەی بەیەکەوە بەستراوەتەوە، ماوەی ٢٤ کاتژمێرە لە ژوورێکی تاریکدا لەم دۆخەدا بووە و هەموو ئەو کاتەش، دڵۆپ دڵۆپ ئاو کەوتۆتە سەر سەری، و ئەم دڵۆپە لە ئاو لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا هەمان ڕیتمی هەبووە.
وتی لە سەرەتاوە بە خەیاڵی خۆی ڕووبەڕووی ئەم بێدەنگییە و هەمان ڕیتمەی دڵۆپی ئاو بووەتەوە سادەیە، بەڵام دواتر هیچ کۆنتڕۆڵێکی بەسەر خۆیدا نەبووە، لە ڕۆژی سێهەمدا بە ناچاری بەڵێننامەیەک واژۆ دەکات و ئازاد دەکرێت، ڕەنگە ئەم ئەشکەنجەیە زۆر سادە دەرکەوێت، بەڵام من خۆم تەنها بۆ ماوەی ١٠ خولەک تاقیم کردەوە و بۆم دەرکەوت کە بەرگەی ناگیرێت.
ئایا لە ناو هاوکارەکانت یان خۆتدا تووشی هیچ کێشەیەک نەبوویت؟
من خۆم دوو پەیوەندی تەلەفۆنی ئیتلاعاتم پێگەیشت و لە ژێر فشاردا بووم بۆ ئەوەی خوێندکارە ناڕازیەکان ڕادەست بکەمەوە، بەڵام ئەگەر چەند جارێکی دیکەش ئەم فشارە بکەنەوە، ڕێگە نادەم زیان بە خوێندکارەکان بگەیەنن و منیش لایەنی حکومەت نیم، هاوکارمان هەبوو ئێستا لە زیندانن یان لە کار ڕاگیراون و هیچ مووچەیان نییە، ئێمە کۆمەڵێک مامۆستا پارە لە مووچەکانمان بۆ مامۆستا هەڵپەسێردراوەکان تەرخان دەکەین و بۆ ئەوان یان خێزانەکانیان دەنێرین بۆ ئەوەی لانی کەم برسی نەبن.
ئایا لە کاتی کیمیابارانکردنی قوتابخانەکاندا ڕووبەڕووی هیچ کێشەیەک نەبوویتەوە؟
ژمارەی هەموو دایک و باوکەکانم سەیڤ کردووە و بە کامێرای و ڤیدیۆی ئایفۆن چاودێری هەموو هاتن و چوونەکانم کردووە، تەنانەت ڕێگەم نەدا جێگری سەرۆکی پەروەردە بچێتە ناو قوتابخانەکە و ڕێگایەکی جیاوازم بۆ چوون بۆ ئۆفیسەکەم دروست کردووە، لەگەڵ چڕبوونەوەی هێرشەکان، خوێندکاران و مامۆستایان مانیان گرت و پۆلەکان چۆڵ بوون.
بەڕای ئێوە ڕاپەڕینی ژینا چ کاریگەریەکی لەسەر ئازادی ژنان هەبوو؟
ئەم خوێندکارانە گەنجانەن کە نەوەی داهاتوو پەروەردە دەکەن بۆ ئەوەی زۆر لە خۆیان ئازاتر و خۆڕاگرتر بن و ئیتر هیچ حکومەتێک ناتوانێت سەرکوتیان بکات.
سەرەڕای ئەو هەموو ئەشکەنجە و گرتن و گوشارانە، ناڕەزایەتییەکان بەردەوامن و هیچ کچێک نابینم لە قوتابخانە حیجاب لەبەر بکات و ئەمەش گەورەترین سووکایەتییە بە دەسەڵاتی دیکتاتۆر، کە ڕەنگە نەوەکانی پێشوو نەیانوێرابێت باسی بکەن، بەڵام ئەم نەوەیە نەک تەنها بە دروشم دەیکاتە ئامانج، جێدەهێڵن و بە ئاشکرا دەڵێن تۆمان ناوێت! هەروەها سەرپێچی یاساکانی دیکتاتۆریش دەکەن، ئەم نەوەیە بەدڵنیاییەوە لەگەڵ نەوەکانی پێش و دوای ئەوان سێبەری دیکتاتۆر بە چرای ئازادی دەگۆڕێت و ڕۆژێک بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی ژنان کاریگەری دەبێت.