لە بەلەمە ژێرئاو کەوتووەکەی یۆناندا تەرمی ژنێک و سێ منداڵ دۆزرانەوە

دەزگای لوتکە زانیاری نوێی دەربارەی ئەو بەلەمە بڵاوکردەوە کە ٤٥ کۆچبەری تێدابوو لە یۆنان ژێرئاوکەوت، ئاماژەی بەوەکرد کە تەرمی چوار کەس دۆزراونەتەوە کە ژنێک و سێ منداڵن.

ناوەندی هەواڵ

 

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوک دەربارەی ژیرئاوکەوتنی ئەو بەلەمە، کە دوێنێ ٥ی شوباتدا ڕوویدا، ڕایگەیاند، بەلەمێکە هەڵگری ٤٥ کۆچبەر بووە و لە دەوروبەری پاندلی ڕزگار کراون، کە گوندێکی بچووکی ماسیگرتنە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی لێرۆسی یۆنان.

 

بە پێی زانیاریەکانی دەزگای لوتکە ، ٤١ کەس ڕزگارکراون و بەپێی وتەی ڕزگار بووەکان بێت ژمارەیان ٤٥ کۆچبەر بووە، واتا هیچ کۆچبەرێک بێسەروشوێن نەبووە، تەنها چوار تەرم دۆزراوەتەوە کە دوو منداڵی کوڕی تەمەن ٥ ساڵ و منداڵێکی کچی تەمەن ٤ ساڵ و ژنێک کە تەمەنی لەنێوان ١٧ بۆ ٢٠ ساڵ دەبێت، ناسنامەی هیچ یەکێک لە کۆچبەرەکان ئاشکرا نەکراوە.

 

هەر بە پێی زانیاریەکانی دەزگای لوتکە، یەکێک لە ڕزگارکراوەکان کە منداڵێکە، باری تەندروستی ناجێگیرە و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە بەهۆی ئەوەی کێشەی جوڵەی هەیە.