"دەرنەكردنی ڕێنمایی ١٢ ساڵە یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری پەكخستووە"
سەنتەری میترۆ و تۆڕی هاوپەیمانی ١٩ رایدەگەیەنن دەستڕاگەیشتن بە زانیاری بەردی بناغەی كۆمەڵگای دیموكراسی و مافێكی بنەڕەتی مرۆڤە كە پەیوەستە بە ئازادی ڕادەربڕینەوە، دەرنەكردنی ڕێنمایی ١٢ ساڵە یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری پەكخستووە.

ناوەندی هەواڵ
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لەمافی ڕۆژنامەنووسان و تۆڕی هاوپەیمانی ١٩ بڵاویانکردەوە، دەرنەكردنی رێمنایی ١٢ ساڵە یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری پەكخستووە.
داوا دەكەن حكومەتی داهاتووی هەرێمی كوردستان بەپێی ماددەی ٢٥ لە یاسای ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١٣ یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری، بەهەماهەنگی لەگەڵ دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ رێنمایی پێویست بۆ ئاسان جێبەجێكردنی یاساكە دەربكات، رێز لەم مافە بنەڕەتییە بگرێت كە پەیوەستە بە ئازادی ڕادەربڕینەوە، ئەمساڵ ٢٠٢٥ یونسكۆ لە ڕۆژی جیهانی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری ، تیشك دەخاتە سەر ڕۆڵی گرینگی زانیاری ژینگەیی لە سەردەمی دیجیتاڵیدا. پەیامی یونسكۆ بۆ ئەمساڵ ئەم تەوەرە لە چوارچێوەیەكی فراوانتری حوكمڕانی شەفاف و گەشەپێدانی بەردەوامدا بەهێزتر دەكات.
ئاماژە بەوەشکراوە، دەستڕاگەیشتن بە زانیاری بەردی بناغەی كۆمەڵگەی دیموكراسی و مافێكی بنەڕەتی مرۆڤە كە پەیوەستە بە ئازادی ڕادەربڕینەوە، بەهۆی شاردنەوەی زانیاری هەستیار و گرنگ لەهاوڵاتیان و میدیاكاران لە تێوەگلانی بەرپرسانی حكومی و حزبی لە دەستدرێژی بۆ سەر سامان و موڵكی گشتی، نەتوانراوە بەشداری چالاكانە بكرێت لەئاشكراكردنی دۆسیە زۆرو زەوەندەكانی گەندەڵكاران.
دواش لە میدیاكاران و دامەزراوەكانیان دەكەین مامەڵە پیشەیی و راستگۆیی لە مامەڵەكردن لەگەڵ هەواڵ بکەن ، چونکە گرنگیان كەمتر نیین لە پێدانی زانیارییەكان، دەبێت راستگۆ بن لە گواستنەوەی زانیاری بۆ هاوڵاتیان، دوربن لە یاریكردن بە زانیاری و نەكەونە داوی هەواڵی درۆ و چەواشەكار. رێز لە هاوڵاتیان و پیشەكەیان، رێز بەها بەرزەكانی رەوشتی پیشەیی بگرن.
ئەوەشخراوەتەڕوو، مافی زانیاری لەبەندی ١٩ی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ، لە ماددەی ١٩ی پەیماننامەی نێودەوڵەتی بۆ مافە مەدەنی و سیاسییەكان دیاریكراوە هاوكات ماددەی ١٠ لە رێكەوتننامەی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئاماژەی پێكراوە.
سەنتەری میترۆ و تۆڕی هاوپەیمانی ١٩ ڕاشیانگەیاند، پاش ١٢ ساڵ لە دەركردنی یاساكە لە (٨ی ئابی ٢٠٢٣ )، لە كابینەی ٩ دا بڕیاردراوە لیژنەیەكی هاوبەش لە نێوان حكومەت و دەستەی سەربەخۆی مافەكانی مرۆڤ بۆ ئامادەكردنی ڕەشنووسی ڕێنماییی یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری پێكبێت.