پارێزەران: گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئۆجالان پێشێلکردنی بنەما دیموکراسیەکانە

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلان، عەبدوڵا ئۆجالان شەرمەزار کرا و پارێزەرێکیش دەڵێت: گۆشەگیری سەر ڕێبەر ئۆجالان نایاساییە و پێشێلکارییەکە بەرامبەر هەموو گەلی کورد.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ لە شاری جوان لە شاری سلێمانی گروپێک لە پارێزەران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بەیاننامەیەکیان خوێندەوە و ئیدانەی گۆشەگیری سەر ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانیان کرد و ئاماژەیان بەوەدا کە، گۆشەگیری پێشێلکردنی بنەما دیموکراسییەکانە.

 

"دۆسیەی عەبدوڵا ئۆجالان دۆسیەی هەموو گەلی کوردە"

چرۆ شوانی، پارێزەر، ئاماژەی بەوەدا، بە ئەرکیان زانیوە ئەمڕۆ وەکە تیمێکی پارێزەران کۆببنەوە و لێدوانێک پێشکەش بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بکەن، وتیشی: بەو گۆشەگیریەی کە خراوەتەسەر ڕێبەری گەلان، عەبدوڵا ئۆجالان، بە شێوەیەکە لەگەڵ هیچ زیندانییەکدا نەکراوە، کە ئەمەش دژی هەموو یاسایەکی مرۆڤایەتییە و پێشێلکارییە بەرامبەر بە هەموو گەلی کورد، ئێمە بەردەوام دەبین لە هەڵوێستەکانمان، دەبێت فشار بخەینە سەر سی پی تی بۆ ئەوەی ڕاستیەکان ئاشکرا بکات.

 

لە کۆنگرەکەشدا، بەیاننامەی پارێزەران لەلایەن نەریمان ئەحمەد، پارێزەر خوێندرایەوە، تێیدا هاتووە، "٢٣ ساڵ پێش ئێستا لە پلانێکی نیودەوڵەتیدا ڕێبەری گەلان، عەبدوڵا ئۆجالان دەستگیرکرا و سزای زیندانی بەسەرداسەپێنراوە بە ناهەق، کە ئەمە دژی هەموو تاسا نێودەوڵەتییەکانە، دەوڵەتی تورکیا دەیەوێت دۆزی کورد بە ئاشتییانە چارەسەر نەبێت، بۆیە گۆشەگیرییەکی توندی خستووەتە سەر ڕێبەر ئۆجالان".

 

هەر لە بەیاننامەکەدا باس لە سی پی تی کراوە و هاتووە، "لە کاتێکدا کە ڕێکخراویCPT  دووجار چاوپێکەوتنی ئەنجامداوە، بەڵام ئەو ڕێکخراوە نکۆڵی لێدەکات و ڕاستییەکان ئاشکرا ناکات، بۆیە ئێمە وەک دەستەی پەرێزەران گومانمان هەیە کە دەوڵەتی تورکیا پلانێکی تری بە دەستەوەیە و سەرپێچی یاسا دەکات بەرامبەر بە گەلی کورد، داوا دەکەین کە چیتر گەلی کورد بێدەنگ نەبێت بەرامبەر ئەم پێشێلکاریە".