دەرچووانی دانەمەزراو ڕەخنە لە پشتگوێ خستنیان دەگرن

دەرچووانی دانەمەزراو ڕەخنە لە پشتگوێ خستنیان دەگرن و دەڵێن: پێویستە هەلی کار دابین بکرێت و بگەین بە ئامانجەكانمان .

شیا کۆیی

 

کۆیە-دانەمەزراندنی دەرچووان یەکێکە لە ئاستەنگە هەرە بەرچاوەکانی بەردەم گەنجان لە هەرێمی كوردستان، چونکە دەبێتە هۆی زیادبوونی ڕێژەی بێکاری و بێزاری و بێهیوایی،  ئەمەش لە دەستدانی متمانەیە بە خوێندن لە داهاتوودا، هەروەها کاریگەری نەرێنی لەسەر ئابووری نیشتمانی دەبێت و وڵات لەو کرێکارە لێهاتوانە بێبەش دەکات کە وەبەرهێنانی لە پەروەردەکردندا کردووە. درێژەی ئەم دۆخە بۆتە هۆی پاڵنانی گەنجان بۆ کۆچکردن و جێهێشتنی وڵات و گەڕان بەدوای دەرفەتی باشتردا، ئەمەش وڵاتەکە زیاتر لە بەهرەمەندە گەنج و شایستەکانی کەم دەکاتەوە، بەهۆی داب و نەریتەوە کۆچ کردن بۆ ژنان ئەستەمەو وادەکات لە چوار دیواری ماڵەكاندا لە چاوەڕوانیدا بمێننەوە.

 

زێبا جەعفەر، دەرچووی بەشی راگەیاندنە، بۆ ئاژانسەكەمان باسی دانەمەزراندنیانی کردو وتی: هیواخوازم لە ئایندەدا لەبواری خۆم كار بكەم و ببمە ڕاگەیاندكاریكی سەركەوتوو، هەرچەندە لە وڵاتی ئیمە ژنان وەك پیاوان سەیر ناكرێن، ئەوەش كۆسپێكە لەبەردەم ژنان كە نەتوانن بە شێوەكی ئازادانە كاری خۆیان بكەن ئەوەش پێویستی بە ڕەنجێکی زۆرە.

 

وتیشی: ئێمە لەسەرەتاوە خێزانەكانمان پاڵپشتمان بوون تا بتوانین خوێندن تەواو بكەین و ئیستا پێویستە ئێمە قەرەبوەی خێزانەكانمان بكەینەوە، بەڵام بەداخەوە تا ئێستاش هەر دەبێت دایك وباوکمان لە ڕووی داراییەوە پاڵپشتیمان بكەن، چونكە لە ٢٠١٢وە دامەزراندن راوەستاوە هیوادارم دەرفەتێكی درووست بدەنە ئەوانەی خوێندنیان تەواو كرد، چونكە منیش بە ئومێدم دابمەزرێ،، بەڵام دەببینم هەموو دەرگاكان داخراوە بەڕووماندا و ناچارین خۆبەخشانە كاربكەین ئەوەش ناتوانین تاسەربەردەوام بین، ئێمە  ئەوەندە ساڵە دەخوێنین و هیچیش بەدەست ناهێنین، بێ ئومێد دەبین و پشت گوێ خراوین، كەس گوێ لە ژنان راناگرێت لەكاتێكدا پێویستە ژنانیش وەك پیاوان مافی خۆیانە كاریان پێبدرێت و شوێن پەنجەیان دیار بێت.

 

كوێستان فەقی، دەرچووی بەشی كارگێری كار لە پەیمانگای تەكنیكیە  وتی: دەبینین ئێستا هیچ دامەزراندێك نییەو ئەوەش بۆتە هۆكارێك کە خوێندکاران ساردبنەوە لە خوێندن، لەبارەی خۆمەوە كە خوێندم تەواو كردووە دەمەوێت بۆ بروانامەی بەرزتر بخوێنم بەڵام كە ئەو بارودۆخە دەبینم دامەزراندن نییە ئەوەش وادەكات سارد ببمەوە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا كویستان وتیشی: هاوڕێی خۆم هەیە وازی ئامادەیی وازی لە خوێندن هێناوە دابڕاوە، بۆیە داواكارم حكومەتی هەرێم دامەزراندن بكاتەوە هەمو ئەوانەی پیشتر دەرچوونەوە و ئەوانەی ئێستا دەردەچن دابمەزرێنن تا هەلی كار بەرەو پیش بچێت و بگەین بە ئامانجەكانمان.