دەقی نامەی زەینەب جەلالیان بۆ ڕۆژی جیهانی ژنان

زەینەب جەلالیان، زیندانی سیاسی، ماوەی ١٥ ساڵە لەلایەن ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە زیندانی کراوە، لە نامەیەکیدا بۆ ٨ی ئادار دەڵێت: "كاتێك ئه‌شكه‌نجه‌گه‌ره‌كان ئه‌شكه‌نجه‌یان ده‌دام، تاكه‌ شتێك كه‌ بۆم مابووه‌وه‌ ئه‌ندێشه‌ و بیر و باوه‌ڕه‌كانم بوون.

زەینەب جەلالیان، زیندانی سیاسی، ماوەی ١٥ ساڵە لەلایەن ڕژێمی ئیسلامی ئێرانەوە زیندانی کراوە، لە نامەیەکیدا بۆ ٨ی ئادار دەڵێت: "كاتێك ئه‌شكه‌نجه‌گه‌ره‌كان ئه‌شكه‌نجه‌یان ده‌دام، تاكه‌ شتێك كه‌ بۆم مابووه‌وه‌ ئه‌ندێشه‌ و بیر و باوه‌ڕه‌كانم بوون و هیوام به‌ ژنانی تێكۆشه‌ر و داهاتوو هه‌بوو"

ناوەندی هەواڵ

 

زەینەب جەلالیان، زیندانی سیاسی، لە نامەیەکیدا کە بە بۆنەی ٨ی ئادار، ڕۆژی تێکۆشانی ژنان نووسیویەتی، بە ستەمکاران دەڵێت، " بینیتان ناتوانن به‌ كۆمه‌ڵكوژیی، ئه‌شكه‌نجه‌ و زیندانیكردنی ئێمه‌ی ژنان، به‌ر له‌ مافخوازی ئێمه‌ بگرن، ژنێك كاتێك ناخی له‌گه‌ڵ ئازادییدا ئاوێته‌ بوو، هیچ سته‌م و زه‌بروزه‌نگێك ناتوانێت چۆكی پێدابدات".

 

دەقی نامەکەی زه‌ینه‌ب جه‌لالیان بۆ ٨ی ئادار:

له‌ناخه‌وه‌ پیرۆزبایی ٨ی ئادار له‌ دایكم، له‌و ژنانه‌ی چاوه‌ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی ئازیزانیانن و له‌ هه‌موو ژنانی جیهان ده‌كه‌م.

كاتێک ئاوڕ له‌ مێژوو ده‌ده‌ینه‌وه‌، ده‌بینین كه‌ به‌ درێژایی مێژوو هه‌موو كات ژنانی ئازادیخواز له‌ دژی ڕژێمه‌ دیكتاتۆره‌كان تێكۆشان و ئه‌م ژنه‌ بوێرانه‌ به‌ خوێنی خۆیان هه‌شتی ئاداریان له‌ مێژوودا تۆمار كردووه‌.

ئه‌ی سته‌مكاران، چاودێر بوون و ئێستاش هه‌ن، بینیتان ناتوانن به‌ كۆمه‌ڵكوژیی، ئه‌شكه‌نجه‌ و زیندانیكردنی ئێمه‌ی ژنان، به‌ر له‌ مافخوازی ئێمه‌ بگرن، ژنێك كاتێك ناخی له‌گه‌ڵ ئازادییدا ئاوێته‌ بوو، هیچ سته‌م و زه‌بروزه‌نگێك ناتوانێت چۆكی پێدابدات.

 

من ئه‌وكاته‌ دركم به‌و ڕاستییه ‌كرد، كه‌ كه‌وتمه‌ ده‌ست سته‌مكارانی كۆماری ئیسلامییه‌وه‌، جلوبه‌رگه‌كانیان له‌به‌رم دادڕی، چاوه‌كایان به‌ستمه‌وه‌ و ده‌ست و پێمیان به‌ زنجیره‌ بە‌ ته‌ختێكی ئاسنه‌وه‌ به‌سته‌وه‌ و ده‌ستیان كرد به‌ ئه‌شكه‌نجه‌دانم به‌ شێوه‌یه‌كی دڕندانه‌، به‌ كێبڵ له‌ به‌رپێیان ده‌دام، پێیەكانم ئاوسانبوون و شین و مۆر ببوونه‌وه‌، ئه‌وه‌نده‌ ئه‌شكه‌نجیان دام، كه‌ چیتر هه‌ستم به‌ هیچ شتێك نه‌ده‌كرد، ته‌واوی جه‌سته‌م بێ هه‌ست ببوو، توانام به‌سه‌ر جه‌سته‌مدا نه‌مابوو، پانتۆڵه‌كه‌م تەڕ كردبوو.

 

به‌ڵێ، مایه‌ی شه‌رمه‌زارییە‌، به‌ڵام نازانم بۆ من یا ئه‌وانه‌ی ئه‌و به‌ڵایه‌یان به‌سه‌رمدا هێنا، هۆ ویژدانه‌ وشیاره‌كان، با ئێوه‌ دادوه‌ر بن، ئایا منێك كه‌ هیچ ئاواتێكم جگه‌ له‌ ئازادیی و یه‌كسانیی مرۆڤه‌كان نه‌بوو و ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان ئه‌و هه‌مووه‌ ئه‌شكه‌نجه‌ی منیان دا تاوانبارن؟! یان من؟!.

خۆتان دادوه‌ر بن، من وه‌ك ١٠ ساڵ به‌ر له‌ئێستا جه‌سته‌یه‌كی ساغ و ته‌ندروستم نییه‌ و كلیله‌كانی زیندان خاراویان كردووم، كاتێك ئه‌شكه‌نجه‌گه‌ره‌كان ئه‌شكه‌نجه‌یان ده‌دام، تاكه‌ شتێك كه‌ بۆم مابووه‌وه‌ ئه‌ندێشه‌ و بیر و باوه‌ڕه‌كانم بوون و هیوام به‌ ژنانی تێكۆشه‌ر و داهاتوو هه‌بوو.

ئه‌گه‌ر بڵێم قه‌ڵه‌م توانای نوسینه‌وه‌ی ئێش و ئازاره‌كانمی نییه‌، زیاده‌ڕۆییم نه‌كردووه‌، چوونكه‌ من ته‌نیا به‌شێك له‌ ئه‌شكه‌نجه‌كانم بۆ ئێوه‌ گێڕاوه‌ته‌وه‌،، هیوادارم له‌م رۆژه‌ ئازیزه‌دا نه‌بووبمه‌ مایه‌ی بێتاقه‌تیتان.

 

هه‌ندێك جار بیر له‌وه ‌ده‌كه‌مه‌وه‌، كه‌ له‌ كوێی جیهاندام یان له‌ بنه‌ڕه‌تدا له‌ كوێ كاتدا گیرۆدە بووم، كه‌ هه‌رچه‌نده‌ هه‌وڵ ده‌ده‌م رێگه‌یه‌كی ده‌رچوون نادۆزمه‌وه‌، ئایا ئه‌مه‌ بۆ من ڕه‌وایه‌؟! كه‌ شایه‌تی له‌داردرانی هاوڕه‌گه‌ز و كه‌سه‌ نزیكه‌كانم بم و مته‌قم لێوه‌ نه‌یەت؟! رۆژگارێكی سه‌یره‌، كاتێك بایه‌كی توند هه‌ڵیده‌كرد، دڵم به‌ هۆی خێرایی باكه‌وه‌ ده‌له‌رزی، به‌ڵام ئه‌مڕۆ چۆن له‌گه‌ڵ ئه‌م هه‌موو ره‌شه‌بایه‌دا چی بكه‌م؟!

شه‌ڕ، نه‌فره‌ت، دووڕوویی، كوشتن، كوشتار و ئه‌شكه‌نجه‌ و هه‌موو ئه‌م كرده‌وانه‌ له‌ ئاساییترین كاتدا ئه‌نجام ده‌درێن و ستمه‌كاران بۆ هه‌ر كام له‌ تاوانه‌كانیان هۆكار و پاساوێك ده‌هێننه‌وه‌ و ئه‌مه‌ش بۆ من له‌ هه‌موو شت به‌ ئازارتره‌، كه‌واته‌ ئه‌ی ژنانی بوێر و له‌خۆبوردوو، ئه‌وه‌ بدركێنن كه‌ ئاگر له‌ وتنی سڵ ده‌كاته‌وه، من ئاواته‌خوازی مردنی هیچ كه‌سێك ته‌نانه‌ت سته‌مكارانیش نیم، وه‌رن پێكه‌ دژی سته‌م تێكۆشان بكه‌ین، تا به‌ هه‌وڵه‌كانمان سته‌مكاران له‌سه‌ر نیشتمانی دایكمان ده‌رپه‌ڕینین، تاكوو سبه‌ینێ و پێشه‌ڕۆژ شه‌رمه‌زاری ئه‌و ژنانه‌ نه‌بین، كه‌ له‌پێناو ئازادیی و یه‌كسانیدا گیانی ئازایان به‌خشی.

 

من زه‌ینه‌بم، زه‌ینه‌بی جه‌لالیان، ژنه‌ كوردێك كه‌ شایه‌تی سه‌دان تاوانی كۆماری ئیسلامیم له‌ زیندانه‌كان و شایه‌تی تۆمه‌ت، سوكایه‌تی، ئه‌شكه‌نجه‌ و له‌ هه‌مووی خراپتر شایه‌تی له‌سێداره‌دانی ١٠ كه‌س له‌ هاو به‌ندییه‌كانمم، ئایا ئازارێكی به‌سوێتر له‌مه‌ بوونی هه‌یه‌؟! سه‌رباری ئه‌مانه‌ ئه‌م سته‌مكارانه‌ داوام لێده‌كه‌ن په‌شیمان ببمه‌وه‌، بۆ مه‌گه‌ر ده‌كرێت من وه‌ك كه‌سێك كه‌ ئه‌و هه‌موو سته‌مه‌م و زه‌بروزه‌نگه‌م به‌ چاوه‌كانم بینیوه‌ په‌شیمانی ده‌رببڕم؟ بڕواتان هه‌بێت هه‌ركات سته‌مكاران، سته‌م و ئه‌شكه‌نجه‌یان له‌سه‌ر من زیاتر ده‌كه‌ن، من بوێرتر و خۆڕاگرتر ده‌بم.

ماڵئاوا

زه‌ینه‌ب جه‌لالیان/ زیندان

 

ت.پ