هەڵبژاردنی گشتی دەستی پێکرد
پڕۆسەی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ کاتژمێر ٧:٠٠ لە هەر چوار بازنەی هەرێم دەستیپێکرد.
ناوەندی هەواڵ
ئەمڕۆ ی٢٠ تشرینی یەکەم، هەڵبژاردنی گشتیی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەستی پێکرد و لە ڕۆژی ١٨ تشرینی یەکەم هەڵبژاردنی تایبەت بەڕێوەچوو، کە بە پێ ئامارەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ٢١٥ هەزار و ٩٦٠ دەنگدەری تایبەت بوون.
ئەم هەڵبژاردنە بە سەرپەرشتیی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە بازنەکانی (هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە) بەڕێوەدەچێت. تێیدا ١٣٦ لیست و هەزار و ١٩١ بەربژێری لایەنە سیاسییەکان و سەربەخۆ کێبڕکێی بەدەستهێنانی ١٠٠ کورسی پەرلەمان دەکەن، کە ٨٢٩ بەربژێری پیاو و ٣٦٨ بەربژێری ژن لەخۆ دەگرێت. هەروەها کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان هەزار و ٢٦٦ بنکە و شەش هەزار و ٣١٨ وێستگەی دەنگدانی بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە ئامادە کردووە.
بە گشتی لە هەرێمی کوردستان لە هەر چوار بازنە ٢ ملیۆن و ٦٨٣ هەزار و ١٨٢ دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە کە لە هەر یەک لە بازنەکانی هەرێم بەم شێوەیە:
لە بازنەی سلێمانی : ١ ملیۆن و ٨ هەزار ٤١٢ دەنگدەر
لە بازنەی هەوڵێر:٩٣٣ هەزار و ١١٥ دەنگدەر
لە بازنەی هەڵەبجە:٥٩ هەزار ٣٠٠ دەنگدەر
لە بازنەی دهۆک:٦٨٢ هەزار و٧٩١ دەنگدەر
ئەم لە کاتێکدایە کە نزیکەی ٣٠٠ هەزار دەنگدەر ئەو کەسانەن کە لە ساڵانی ٢٠٠٤، ٢٠٠٥ و ٢٠٠٦ لەدایکبوون جاری یەکەمە مافی دەنگدانیان هەیە و ڕێژەی ٪١٠ی کۆی دەنگدەران پێکدەهێنن.
پرۆسەی هەڵبژاردنی گشتی بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، بڕیارە تا کاتژمێر ٦:٠٠ ی ئێوارە بەردەوام بێت.