دڕندەیی بەرامبەر منداڵێکی سوری لە ئیزمیت ئەنجام دەدرێت

لە ئێزمیتی تورکیا کچێکی سووریایی تەمەن ١٥ ساڵ تووشی دەستدرێژیی سێكسی بووەوە. سەرەڕای ئەوەی لە ئیفادەکەدا تەمەنی بە ١٩ ساڵ نیشان درابوو و خێزانەکەشیان ڕەوانەی ناوەندی گەڕاندنەوە کردبوو، بەڵام بە هۆی تانەدانەوە ڕاستییەکە دەرکەوت و گومانلێکراوان دەستگیران

 

ناوەندی هەواڵ

لە مانگی تەمووزدا لە ناوچەی ئێزمیتی سەر بە کۆجائێلی، کچێکی تەمەن ١٥ ساڵی سووریایی تووشی "دەستدرێژیی سێكسیی پلەدار" بووەوە. لەو وتەیەی دراوە، ئاماژە بەوە کراوە لە ڕێککەوتی ٧ی تەمووزدا، و. ئا.ی تەمەن ١٥ ساڵ لەلایەن ن. ت.وە بە بەهانەی کاری پاککردنەوە لە ماڵێکدا بەند کراوە و دەستدرێژیی کراوەتە سەر.

 

بەپێی هەواڵێکی تی٢٤، دوای سکاڵاکردن، م. گ. و دوو کەسی تر کە ئیدیعا دەکرێت هاوکارییان کردووە، دەستگیر کران. م. گ. بە مەرجی کۆنترۆڵی دادوەری ئازاد کرا. دوای مانگێک، ئەو سێ کەسەی سکاڵایان لێ کرابوو لە نوێوە دەستگیر کران و ڕەوانەی بەندیخانە کران. ڕاگەیەندرا کە لە بڕیاری سەرەتایی سەبارەت بە م. گ. دراوە، چاوەڕێی ڕاپۆرتی پزیشکی دادوەری کراوە.

 

تەمەنی منداڵەکەیان کردووە بە ١٩ ساڵ

لە لایەکی ترەوە، جەخت لەوە کراوەتەوە کە تەمەنی و. ئا.ی ١٥ ساڵ، لە نوسراوی وتەکەدا بە ١٩ ساڵ تۆمار کراوە. وەرگێڕەکە دژی ئەم بارودۆخە تانەی داوە و داواکارییەکی پێشکەشی دۆسیەکە کردووە. وەرگێڕەکە کە ڕوونی کردەوە ئەو تەمەنی کچەکەی بە ١٩ ساڵ وەرنەگێڕاوە، وتی:

"دوای ئەوەی سەیرێکی نوسراوی وتەکەم کرد، تێگەیشتم کە بەشی پەیوەندیدار بە تەمەنی کچە سکاڵاکارەکە لەگەڵ وتەکاندا ناگونجێت. دایکی سکاڵاکار لە کاتی وەرگێڕانەکەدا پێی وتم کە کچەکەی ١٥ ساڵە. بەڵام لە نوسراوی تۆمارکراوی وتەکەدا ڕستەی 'کچەکەم ١٩ ساڵە' دەبینرێت. بڕوام وایە ئەم کێشەیە لە هەڵەیەکی چاپکردنی گرنگەوە سەرچاوەی گرتووە کە لە کاتی نووسینی وتەکەدا ڕووی داوە."

 

خێزانەکەیان ڕەوانەی ناوەندی گەڕاندنەوە کردووە

ماوەیەک دوای ڕووداوەکە، خێزانە سووریاییەکەیان ڕەوانەی ناوەندی گەڕاندنەوە کرد. دوای تانەدان لە ڕووی یاساییەوە، خێزانەکە لە ناوەندی گەڕاندنەوە ئازاد کران.

ڕاگەیەندرا کە بەهۆی ئەوەی پێگەی "پاراستنی کاتی"ی خێزانەکە "داخراو"ە، ناتوانن لە مافەکانی تەندروستی سوودمەند بن. هەروەها ئاماژە بەوەش کراوە کە کچە ١٥ ساڵەکەش هیچ پشتیوانییەکی دەروونیی وەرنەگرتووە و پشکنینی تەندروستیی بۆ نەکراوە.