"دەمانەوێت لە ساڵی نوێدا ڕزگارکردنی هەموو شارە داگیرکراوەکانمان ببینین"
ژنانی شاری قامیشلۆ خۆشحاڵی و هیوایان بۆ ساڵی نوێیان دەربڕی و هیوایان بۆ ئاشتی و ئارامی خواست.
قامیشلۆ
ساڵی ٢٠٢١ تێپەڕی، چەندین ڕووداوی خۆش و ناخۆش ڕوویاندا، سەرەڕای هێرش و کوشتن و قەیرانەکان، سەرکەوتنی گەورەش لە ڕۆژئاوای کوردستان بەدەستهات، هاوڵاتیانیش هیوایان لەدەستنەدا و بەردەوامن لە ژیان و خەبات، دانیشتوانی شاری قامیشلۆ هیوادارن لە ساڵی نوێدا پێشکەوتنی زیاتر لە کەسایەتی خۆیاندا ببینن، لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵی نوێدا ژنان و پیاوان و گەنجان و منداڵان لە شەقامەکاندا ئاهەنگ دەگێڕن و بۆ چەند ساتێک دووردەکەونەوە لە کێشەکانی ژیان.
"بۆ ساڵی نوێ ژیانێکی نوێ بۆ منداڵەکانمان بەدیدێنین"
ڕیم شێخ عەبدوڵا، لە شاری قامیشلۆ باسی لە چۆنیەتی ئاهەنگگێڕانی ساڵی نوێ کرد و هیوای خۆی بۆ ساڵی نوێ خواست، "لەگەڵ منداڵەکانمان ئاهەنگی ساڵی نوێ دەگێڕین، هەتا دەتوانین بەسەر ئاستەنگی و ناخۆشییەکاندا سەردەکەوین تا دەگەینەوە ئەوەی دەمانەوێت، هیواخوازین شارەکەمان لە ئارامیدا بێت، لە سەری ساڵدا ماڵەکانمان دەڕازێنینەوە و میوە دادەنێین و دیاری بۆ یەکتر دەهێنین و یادەوەرییە خۆشەکانمان دەگێڕینەوە، ساڵێکی قورس بوو بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، سەرەڕای ئەوە ئێمە بەهێزین و کەس ناتوانێت ورە و دڵخۆشی ئێمە لەناو ببات.
"هەر ساڵێک تێدەپەڕێت، هیوا و پێداگریمان گەورە دەبێت"
فەلەک بێکەس حسێنی ١٧ ساڵان، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی و وتی لە ساڵی ٢٠٢١دا لە خوێندن سەرکەوتنم بەدەستهێناوە، "تەمەنی گەنجێتی ئاستێکی باشە بۆ مرۆڤ، کاتێک ساڵێک لە تەمەنی کەسێکدا تێدەپەڕێت، هۆش و بیری کەسێک باشتر و گەورەتر دەبێت. هاوکات هیواکانمان ڕوو لە گەشەکردن دەکات و پێداگریمان بەهێزتر دەبێت".
ت.پ