سوپای عێراق هێزی زیاتری بردە شەنگال و دۆخی ناوچەکە ئاڵۆزتر دەبێت

سوپای عێراق بە ژمارەیەک سەرباز و تانک و کاتیۆشاوە ڕووی لە شەنگال و چەند گوندێکی دەوروبەری کرد و لە بنکە سەربازییەکاندا جێگیر بوون، ئەوەش ئاڵۆزی زیاتر لە ناوچەکە دروست دەکات.

ناوەندی هەواڵ

بە درێژایی دوێنێ جموجۆڵێکی زۆری سوپای عێراق لە شەنگال هەبوو کە بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستکەوتووە، ژمارەیەکی زۆر سەرباز و کەرەستەی سەربازی وەک تانک و زرێپۆش لە موسڵەوە بەرەو ناوەندی شەنگال و گوندەکانی دەوروبەری گواستراونەتەوە.

 

بەشێک لەو هێزە سەربازییانە لە بنکەکانی سوپا لە ناوەندی شەنگال بڵاو کراونەتەوە بەشێکی دیکەشیان سنوری گوندەکانی سکینە و حەیال لە باشوری چیای شەنگال بڵاو کراوەتەوە.

 

سەرەڕای ئەو جموجوڵەی سوپای عێراق تا ئێستا هیچ هێرش و پێکدادانێک ڕووینەداوە هێزەکانی سوپا خۆیان لەبنکەکانیان جێگیر کردووە.

 

ئەوە لە کاتێکدایە هاوکاتی هێرشی دەوڵەتی تورک بۆ سەر باشوری کوردستان، سوپای عێراق هێرشیکردە سەر ئاسایشی ئێزدیخان و هێزەکانی یەژەشە و یەبەشە، سەرەڕای راگەیەندراوەکانی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شەنگال و تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی بۆ گفتوگۆو هەڵنەگیرسانی شەڕ بەڵام سوپای عێراق لە پلانەکەی بەردەوامە.