"پێویستی بە ستراتیژێکی نێودەوڵەتی هەیە لە دژی هەڕەشەکانی سەر ژنان"

بەشداربووانی سێیەمین کۆنفرانسی جیهانیی ژنان بە کۆی دەنگ ڕایانگەیاند کە کێشەکانی ژنان لە جیهاندا وەک یەکن و جەختیان لە یەکڕیزی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری هاوبەش کردەوە.

نەزیهە بوسەعیدی/ زهور ئەلمەشرەقی

 

تونس- بەشداربووان و ڕێکخەرانی سێیەمین کۆنفرانسی جیهانیی ژنان، کە لە ٤ی مانگەوە دەستیپێکرد و تا ١٠ی مانگ بەردەوام دەبێت، جەختیان لەوەکردەوە کە کێشەکانی ژنان لە جیهاندا وەک یەکن و پێویستی بە ستراتیژییەتی نێودەوڵەتی هەیە بۆ بەرەنگاربوونەوە.

 

ماری پۆلا، یەکێکە لە ڕێکخەرانی کۆنفرانسەکە و ئەفریقییە، بۆ نوژنها دوا و وتی: ڕێکخەران بە کۆی دەنگ ڕایانگەیاند کە زۆربەی کێشەکانی ژنان لە جیهاندا هاوشێوەن و چارەسەرەکان دەبێ هاوبەش بن، پێویستە ستراتیژێکی نێودەوڵەتی ژنان دابنرێت بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەرکردن و بەرەنگاربوونەوەی کێشەکانی ژنان. ژنانی ئەفریقی هێشتا بەدەست وابەستەیی پیاوسالاری و خێزان و کۆمەڵایەتییەوە دەناڵێنن. زۆری ژمارەی نەخوێندەواری لە ئەفریقا لە ئەنجامی شەڕ، ململانێی سیاسی، تەشەنەسەندنی تیرۆر و ئاژاوەیە، کە بەهۆی سیاسەتی دوورخستنەوەی حکومەتەکانەوە هیچ دەرفەتێکی پەروەردەیی بۆ ژنان نییە، دەبێت هاودەنگی ژنانی نێودەوڵەتی فراوانتر بکرێت بۆ ئەوەی کەیسەکانمان بگەنە ئەنجام.

 

قەیرانەکان کاریگەرییان لەسەر ژنانی سریلانکا هەیە

مینۆ دی سیلڤا، ڕێکخەرێکی ئاسیایە، ڕایگەیاند کە نوێنەرایەتی وڵاتانی سریلانکا و بەنگلادیش و نیپاڵە لە کۆنفرانسەکەدا، وتی: قەیرانی ئابوری لە ئەنجامی ئیفلاسبوونی حکومەتی سریلانکا کاریگەری ڕاستەوخۆی کردووەتە سەر ژنان و هەژاری زیاد کردووە، ژنان لە سریلانکا بەدەست قەیرانێکی توندی خۆراکەوە دەناڵێنن، چونکە دەستیان بە ئاوی پاکی خواردنەوە و دەرمان و غاز ناگات. کەمی خۆراک کێشەیەکی گەورەیە بۆ ژنان، ئەمەش کۆمەڵگەی ژنان دەخاتە بەردەم ئەرکێکی گەورە بۆ باشترکردنی دۆخی ژنان و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ڕاستەقینە بۆ بەرەنگاربوونەوەی برسێتی، ئێمە وەک چالاکوانانی ژن فشار دەخەینە سەر پەرلەمان و حکومەتەکان بۆ تێپەڕاندنی قەیرانی نەبوونی خۆراک و پێداویستییە سەرەتاییەکان.

 

"کێشەی کرێکارانی ژن لە هەموو وڵاتان وەک یەکە"

جۆلی تالۆکەدار لە ئاسیاوە، وتی: ئامانجمان لە کۆنفرانسەکە بەهێزکردنی هاودەنگی چالاکوانانی ژنی جیهانە لە دژی هەڵاواردن ژنان و توندوتیژی سێکسی و بۆ بنیادنانی کۆمەڵگایەکی ئازادە. پێویستە بزووتنەوەیەکی بەهێزی ژنان لەسەر ئاستی جیهان دابمەزرێت، بەستنی كۆنفرانسێكی لەو جۆرە یارمەتی ژنانی جیهان دەدات بۆ باشتركردنی بارودۆخیان بەتایبەت ژنانی كرێكار و كۆڵبەران و ڕۆشنبیران.

 

خەدیجە حەیاتی، ڕێکخەری ئەوروپی وتی: ژنان لە ئەوروپا سەرەڕای کارکردنی کاتژمێرێکی زۆر، مووچەیەکی کەم وەردەگرن و بەو هۆیەوە زیانیان پێدەگات، له‌ دانیشتنه‌ گشتییه‌كه‌دا گفتوگۆمان كرد له‌سه‌ر پێویستی كاركردن له‌سه‌ر هه‌موو حكومه‌ته‌كان، وه‌ك ئه‌ڵمانیا، هۆڵه‌ندا و به‌لجیكا، بۆ ئه‌وه‌ی ژنانی كرێكار بتوانن مافه‌كانیان به‌ده‌ستبێنن، کێشەی ژنانی کرێکار لە هەموو وڵاتانی جیهاندا هاوشێوەن.