گەردەلولی مۆچا مەترسی لەسەر ژیانی ملۆنان کەس دروست کردووە

بەهۆی گەردەلولی مۆچاوە، پێش ئەوەی زۆر مەترسیدار بێت، نزیکەی نیو ملیۆن کەس گواستراونەتەوە بۆ ناوچە پارێزراوەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی بەنگلادیش.

ناوەندی هەواڵ

 

پێشبینی دەکرێت ڕۆژی یەکشەممە گەردەلولی مۆچا، بە بایەکی ١٧٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و بەرزبوونەوەی زریانەکە بۆ ١٢ پێ بگاتە وشکانی.

 

نیگەرانی ئەوە هەیە کە ئەم گەردەلولە کاریگەری لەسەر گەورەترین کامپی پەنابەران لە جیهاندا هەبێت، کە کۆکس بازاڕەو نزیکەی یەک ملیۆن کەسی تێدا دەژین لە ماڵە کاتییەکاندا.

 

باران لە کامپەکە دەبارێت و ئاڵای سوور بەرزکراوەتەوە

گەردەلولی مۆچا لەوانەیە بەهێزترین زریان بێت لە بەنگلادیش لە ماوەی نزیکەی دوو دەیەدا، لە کاتێکدا سیستمی کەشوهەوا بەرەو کەناراوەکانی بەنگلادیش و میانمار دەڕوات، فڕۆکەخانەکانی نزیک داخراون، ماسیگرەکان داوایان لێکراوە کارەکانیان ڕابگرن و هەزارو ٥٠٠ پەناگە دروستکراون، هەروەها پرۆسەی گواستنەوەی خەڵک لە ناوچە لاوازەکانەوە دەستی پێکردووە.

 

کاربەدەستان لە کۆکس دەڵێن: هەزار کەس لە یەک ناوچە چۆڵکراون و پلانیان هەیە ٨ هەزار کەسی دیکە لە بەشێکی نزیک کەنارەکە بگوازنەوە ئەگەر دۆخەکە خراپتر بێت، ئامادەین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر مەترسییەک، ئێمە نامانەوێت تەنها یەک ژیان لەدەست بدەین.

 

نزیکەی یەک ملیۆن پەنابەری ڕۆهینگیا کە لە میانماری دراوسێ هەڵهاتوون هێشتا لە مەترسیدان و لە پەناگەی بامبۆی لاوازدا دەژین، نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوەی لە توانایدایە دەیکات بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە.

 

لە لایەکی دیکەوە حکومەتی بەنگلادیش ڕێگە بە پەنابەران نادات کامپەکانیان بەجێبهێڵن، بۆیە زۆرێک دەڵێن ترسیان هەیە و دڵنیا نین لەوەی چی ڕوودەدات ئەگەر پەناگەکانیان بەهۆی لافاوەکەوە زیانیان پێبێت.