ڕاپرسییەک: بێکاری لەناو گەنجانی عێراقدا گەشتووەتە ٪٣٢

ڕاپرسییەک لەبارەی بەشداری ژنان لە کاردا بۆ ساڵی ٢٠٢١ خرایەڕوو، بەپێی ڕاپرسییەکە لە نێوان ١٣ ملیۆن ژن کە لە تەمەنی کاردان، تەنها یەک ملیۆن ژن کار دەکەن، ڕێژەی بێکاری گەنجانیش گەشتووەتە ٪٣٢

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار بە هاوکاری نوسینگەی ئاماری عێراق، ڕاپرسییەکیان لەبارەی بەشداری ژنانی عێراق لە کاردا بۆ ساڵی ٢٠٢١ ئەنجامداوە و لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، مەها قتاع، نوێنەری ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار، ئەنجامی ڕاپرسییەکەی خستەڕوو، تێیدا هاتووە لە ١٣ ملیۆن ژن تەنها یەک ملیۆن ژنی عێراقی کار دەکەن.

 

بەپێی ڕاپرسییەکە، ڕێژەی بێکاری لە نێوان پیاواندا ٪١٥.٧ و لە نێوان ژناندا ٪٢٨.٢ بووە و ڕێژەکە لە هەڵکشانیشدایە، بەپێی ئەو ڕێژەیە و ئاماری دانیشتوان لە عێراقدا نزیکەی ١٣ ملیۆن ژن لە تەمەنی کار کردندان، بەڵام تەنها یەک ملیۆن ژن کار دەکەن، ڕێژەی بەشداری مێینە لە کەرتی حکومیدا ٪٧٠ی کەسانی کارکەرە و ڕێژەی بێکاری گەنجانیش گەشتووەتە ٪٣٢.

 

مەها قتاع وتیشی، ڕاپرسییەکە سەرەتایەکی باشە بۆ چاودێریکردنی نیشاندەرەکانی بازاڕی کار بە مەبەستی بنیادنانی سیاسەتی نیشتمانی لەسەر بنەمای بەڵگە، کە یارمەتی داڕشتنی پلان و بەرنامە دەدات، هاوکات یارمەتی هێزی کار دەدات بۆ دۆزینەوەی دەرفەتی کاری شایستە لە بازاڕی کاردا.