بەڕێوەچوونی نەورۆز لە گوندی "نەستان" سەر بە شاری ڕەبەت

لە گوندی نەستان سەر بە شاری ڕەبەت مەراسیمی جەژنی نەورۆزی ٢٧٢٣ی کوردی بەڕێوەچوو، ئەمەش سەرەڕای هەموو گوشارەکان، لەوانە پچڕانی کارەبا و داخستنی ڕێگای گوندەکە بوو.

ڕۆژین قادری

 

ڕەبەت- ڕۆژی ٢١ی ئادار سەرەڕای گەمارۆدانی گوندەکە، بانگهێشت و هەڕەشەی چالاکوانانی مەدەنی و پچڕانی کارەبا، نەورۆزی ٢٧٢٣ی کوردی بە شێوەیەکی شکۆمەندانە لە گوندی نەستانی سەر بە شاری ڕەبەت بەرز ڕاگیرا.

 

ئارزوو ئیبراهیم زادە، چالاکی مەدەنی، بە ئاماژەدان بە گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ پێشگرتن لە ئاهەنگگێڕانی نەورۆز، وتی: هێزە ئەمنییەکان چەند هەفتەیەک لەمەوبەر هەموو چالاکانی مەدەنیی گوندی نەستانیان بانگهێشت کردبوو بۆ پێشگرتن لە ئاهەنگی نەورۆز و هەڕەشەی لێکردن کە نابێت بەشداری ئەم مەراسیمە بکەن، لە ڕۆژی مەراسیمەکەدا هەموو ڕێگاکانی پەیوەندیکردنیان بۆ گوندەکانی "ناستان و سیسەر" بە چەند بازگەیەکەوە داخست و تەنانەت ڕێگەیان نەدا ئەوانەی کاری گرنگیشیان هەبوو، تێپەڕن، پێش مەراسیمەکە، کارەبای نەستان و چەند گوندێکی ناوچەکەیان بڕی؛ بەڵام سەرەڕای فشارەکان، نەورۆز بە شێوەیەکی شایستە و ئاهەنگ گێڕان بەڕێوەچوو.

 

ڤیان ئەمینی، ژنێکی گەنجی خەڵکی گوندی نەستانە، سەبارەت بە دەستپێکردنی مەراسیمەکە و بەها پێشکەوتنخوازەکان لەم مەراسیمەدا وتی: مەراسیمی نەورۆز لە گوندی نەستان بە داگیرساندنی ئاگری نەورۆز دەستیپێکرد، و سەرەتا مەشخەڵەکان لەلایەن ژن و پیاوێکی بەساڵاچووی گوندەکەوە داگیرسێنرا، دواتر ڕادەستی کوڕ و کچێکی گەنج کرا و ئاگری نەورۆز بە مەشخەڵەکان داگیرسێنرا، ئەمەش چەند پەیامێکی گرنگی هەیە و نەریتی گوندەکە بووە، پەیامی یەکەم ئەوەیە کە کولتوور و ناسنامە ئێمە خۆمان لە نەوەی کۆنەوە دەگوازینەوە بۆ نەوەی نوێ، پەیامێکی دیکە یەکسانی ژن و پیاوە لەم بەرپرسیارێتییەدا کە پێویستە ڕێز لە نەورۆز بگرین و کۆمەڵگەیەکی یەکسانیان هەبێت.

 

ڤیان هەروەها سەبارەت بە چۆنیەتی بەڕێوەچوونی مەراسیمەکە دەڵێت: ئەمساڵ، نەورۆزمان بە پێشوازییەکی شایستە لەلایەن خەڵکی گوندەکەوە لە ناوەندی گوندەکە پیرۆز کرد، دوای داگیرساندنی ئاگر، وتنەوەی سروود و گۆرانی کوردی، هەڵپەڕین، کاتێک شەو تاریک بوو، گەنجەکان مەشخەڵی ئاگرینیان بە دەستەوە گرت و ڕوویان لە "قەلای" کرد لە نزیک گوندەکە، لەوێ سروودمان دەوتەوە و گروپەکان چەند گۆرانییەکیان لێدا.

 

ڤیان ئەمینی هەروەها سەبارەت بەو دابونەریتی دوای نانخواردنی ئێوارە لە گوندەکەدا وتی: دوای نانخواردنی ئێوارە، منداڵان و گەنجان دەچن بۆ سڵاوکردن و بەڕێوەبردنی مەراسیمی "هەلاو مەلاوە"، بە بردنی شیرینی و گوێز و کشمش و هێلکە نەورۆز لە یەکتر پیرۆز دەکەن.