کوشتنی خوێندکارێکی زانکۆ لە ئەردەن توڕەیی کۆمەڵگەی لێکەوتەوە

ئیمان ئەرشید، خوێندکاری زانکۆیەکی ئەهلی لە باکوری عەمان لە وڵاتی ئەردەن لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە کوژرا و ئەمەش ناڕەزایەتی و توڕەیی کۆمەڵگەی لێکەوتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

پاش چەند ڕۆژێک لە کوشتنی خوێندکارێکی میسری بە ناوی نیرا ئەشرەفی تەمەن ٢١ ساڵ، لەلایەن خوێندکارێکەوە کە بە ئامێرێکی تیژ کوژرا، ئیمان ئەرشیدی خوێندکاری ئەردەنیش لەلایەن کەسێکی نەناسراوەوە کوژرا.

 

دوای کوشتنی خوێندکاری زانکۆ، ئیمان ئەرشید، بەڕێوبەرایەتی ئاسایشی گشتی ئەردەن ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "کەسێک تەقەی لە خوێندکارێکی زانکۆ کردووە لە زانکۆی تایبەت لە باکووری پایتەخت، پاشان گەیەندراوەتە نەخۆشخانە بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە، تۆمەتبارەکە هەڵهاتووە و لێکۆڵینەوە بۆ دۆزینەوەی تۆمەتبار دەستیپێکردووە"

 

ڕوداوەکە تووڕەیی هاوڵاتیانی ئەردەنی لێکەوتەوە، چالاکوانان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنەی ئیمان ئەرشید و هاشتاگی "لە سێدارەدانی بکوژی ئیمان ئەرشید"یان بڵاوکردەوە و ئەو تاوانەیان ئیدانە کرد.

 

بەڕێوبەری زانکۆکە لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا بەڵێنیدا کە زانکۆکە هەوڵدەدات ئەو کەسانەی بوونەتە هۆکاری ڕووداوەکە بدۆزرێنەوە و دادگایی بکرێن.