تەڤگەری ئازادی بانگەوازی بۆ بەشداربوون لە نەورۆزی بناری قەندیل دەکات
تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان بانگەوازی لە هاوڵاتیان دەکات ئەمساڵ بە جۆشەوە بەشداری نەورۆزی بناری قەندیل بکرێت.

سلێمانی
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە شاری سلێمانی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بانگەوازی لە هاوڵاتیان و ژنان و گەنجان، لایەن و ڕێکخراوەکان کرد سەری ساڵی کوردی ئەمساڵ لە بناری قەندیل پیرۆز بکەن.
لە کۆنگرەکەدا تارا حسێن، جێگری هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی ئاماژەی بەوەدا بەبۆنەی نزیک بوونەوە لە یادی نەورۆز و سەری ساڵێ کوردی ئەم نەورۆزە پیرۆز دەکەین لە هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوین.
تارا حسێن بەناوی تەڤگەری ئازادییەوە وتی: ئێمەش وەک نەوەکانی ئەم قۆناغە ئەرکمانە بەمەشخەڵی دەستمانەوە، ڕووبەڕووی دووژمنانی ئازادیی گەلەکەمان ببینەوە، هاوشان لەگەڵ بەخشینی خوێن، ڕۆح و قوربانییەکانمان، فەرهەنگ و کلتوورمان و بۆنە نەتەوییەکانمان زیندوو دەهێڵێنەوە.
لە کۆتایدا بانگەوازیی بەشداری نەورۆزی قەندیلی کرد و وتی: نەورۆز وەک جەژنی بەرخۆدان و تەحەدا بەرامبەر بە داگیرکاران بەجۆشتر دەکەین، ئێـمەش وەکو تەڤگەری ئازادیی بەشداری ئاهەنگی نەورز دەکەین کە لە ٢١/٣/٢٠٢٢ لە قەندیلی قەڵای بەرخودانەوە ئاهەنگی نەورۆز بەڕێوەدەچێت، بانگەوازی بۆ گەلەکەمان و تایبەت بۆ هەموو لایەنەکان و سیاسییەکان و ژنان و گەنجان و گرووپ و ڕێکخراوەکان، ئەوەیە کە بەشداری ئاهەنگی نەورۆز بکەن لە بناری قەندیل.
بڕیارە ئەمساڵ کاتژمێر ١١:٠٠ لە ڕۆژی ٢١ی ئادار، ئاهەنگی نەورۆز لە بناری قەندیل بە دروشمی " وەرن هەموو پێکەوە نەورۆزی ئازادیی لە قەندیل پیرۆز بکەین" و بە بەشداری هونەرمەندان سەمیرە کارزان، نیان عەبدوڵا، ژینا سەقزی، پەیام ڕۆژهەڵاتی، فەرشاد ئەمینی، هۆزان کاوە، لوقمان سەلیم، کەریم خان سوورچی و گروپی چیای شەنگال بەڕێوەبچێت.
ت.پ