نیكی هێلی داوای دەركردنی ئێران لە "كۆمسیۆنی پێگەی ژن" دەكات

نیکی هێلی باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا وەک هەڵوێست وەرگرتن لە بەرامبەر کوشتنی ژینا ئەمینی، داوای دەركردنی ئێران لە "كۆمسیۆنی پێگەی ژن" دەكات.

ناوەندی هەواڵ

 

نیكی هێل باڵیۆزی پێشووی ویلایەتە یەكگرتووەكان لەنەتەوە یەكگرتووەكاندا، دوای كوشتنی ژینا ئەمینی بەدەستی پۆلیسی ڕەوشتی ئێران و سەركۆتكردنی ژنان و ناڕەزایەتیەكانی ئێران لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، داوای دەركردنی ڕژێمی ئێرانی لە"كۆمیسیۆنی پێگەی ژن" لەنەتەوە یەكگرتووەكان كردو لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی: "ئەندام بوونی ڕژێمی دیكتاتۆری كۆنەپەرەستی ئێران لەكۆمیسیۆنێك، كە ئەركی متمانە پێكهێنان و پاراستن و جێبەجێ كردنی مافی ژنانە، گاڵتەجاڕی و جێگەی پێكەنینە، تەنانەت دوای تیرۆر و كۆشتنی ژینا ئەمینی زیاتر گاڵتەجاڕییە".

 

نیکی هێلی ئاماژەی بەوەشکردووە کە ژمارەیەكی زۆر لە ژنانی ئێران لەتێكۆشان بۆ سەرەتایترین مافەكانیان كۆژراون، دەبێت جۆ بایدن سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان داوای دەركردنی ڕژێمی ئێران لە كۆمیسیۆنی پێگەی ژن لەنەتەوە یەكگرتووەكان بكات.

 

ژینا ئەمینی تەمەن ٢٢ ساڵ کە خەڵکی سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو، ڕۆژی ١٣ی ئەیلول لەکاتی گەشتێکیدا بۆ تاران لە لایەن پۆلیسی ڕەوشتەوە بەبیانوی ئەوەی بە باشی حیجابی نەکردبوو دەستگیر کراو ئەشکەنجە درا، دوای چەند ڕۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانە لە ڕۆژی ١٦ی ئەیلول گیانی لەدەستدا.