دوای چوار ڕۆژ بکوژی ژنەکەی هەولێر دەستگیرکرا

ئاسایشی سلێمانی بڵاویكردەوە، ئەو تۆمەتبارەی لەدوای کوشتنی خوشکەکەی لە شاری هەولێرەوە بۆ کۆیە هەڵاتبوو، دەستگیرکرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاسایشی سلێمانی لەبارەی دەستگیرکردنی بکوژی ژنێک ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە، لە ڕۆژی ١٥ی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش تۆمەتباری كوشتنی ژنێکی هەولێر لە شاری کۆیە دەستگیر کرا.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو تۆمەتبارە لەدوای کوشتنی خوشکەکەی لە شاری کۆیە خۆی حەشاردابوو و لەدوای بەدواداچوونی ورد لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژهەڵاتی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی بەهاوکاری بەڕێوەبەرایەتی تەکنەلۆجیای زانیاری تواندرا دەستگیر بکرێت.

 

جێگای ئاماژەیە، ڕۆژی ١١ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لە شاری هەولێر ژنێک بەناوی(ژ، ی، ت) لەلایەن براکەیەوە كوژرا و پاش ئەنجامدانی تاوانەکە تۆمەتبارەكە هەڵات.