کۆنگرەی ستار هاوسۆزی خۆی بۆ ژنانی ئەفغانستان ڕاگەیاند

کۆنگرەی ستار هاوسۆزی خۆی بۆ خەباتی ژنانی ئەفغانستان لە دژی پێشێلکردنی سیستماتیکی مافەکانیان لەلایەن تاڵیبانەوە ڕاگەیاند و جەختی لەسەر پێویستی خۆپاراستن لە بەرامبەر سیستمی پیاوسالاری کردەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

لەبەر ڕۆشنایی ئەوەی کە ژنان لە ئەفغانستان بەرکەوتەی چی دەبن و بەرخۆدانیان بەرامبەر بەو سنووردارکردنانەی بەسەریاندا سەپێندراوە، هەروەها لە سێیەمین ساڵیادی دەستبەسەرداگرتنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، کۆنگرەی ستار ئەمڕۆ ١٤ی ئاب بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاوسۆزی خۆی بۆ خەباتی ژنانی ئەفغانستان دەربڕی و داوای یەکخستنی هەوڵەکانی دژی سیستمی پیاوسالاری و بەهێزکردنی مافەکانی ژنان کرد، وتیشی: هەر هێرشێک بۆ سەر مافەکانی ژنان هێرشە بۆ سەر هەموو ژنان، هەروەها دەستکەوتەکانی ژنان میراتێکی هاوبەشن بۆ هەموو ژنان.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: لە سێیەمین ساڵیادی دەستبەسەرداگرتنی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە، هاوسۆزی قووڵی خۆمان بۆ خەباتی ژنانی ئەفغانستان لە دژی پێشێلکردنی سیستماتیکی مافەکانیان لەلایەن تاڵیبانەوە دەردەبڕین ئیرادەی ئەو ژنانە لە بەرامبەر ڕژێمێکی پاوانخوازدا کە هەوڵدەدات ناسنامەیان بسڕێتەوە و دەنگیان بێدەنگ بکات، ئیلهامبەخشە بۆ هەموو ئازادیخوازان.

 

کۆنگرەی ستار لە ڕێگەی بەیاننامەکەیەوە بەشداریکردنی لە هەڵمەتەکەی ڕاگەیاند کە تەڤگەری "پەنجەرەی هیوا" لە ئەفغانستان دەستیپێکرد، داوای لە هەموو تەڤگەرەکانی ژنان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و چالاکوانانی مافی ژنان لە سەرانسەری جیهان کرد کە شانبەشانی ژنانی ئەفغانستان بوەستن، نەک تەنها لە ١٥ی ئابدا، بەڵکو هەموو ڕۆژێک.

 

"لە بەرامبەر ڕژێمە ستەمکارەکاندا، ژنان هەمیشە لە پێشەنگ بوون"

ئاماژەی بەوەشکرد، لە ڕۆژئاوا - باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، شۆڕشی ژنان ١٢ ساڵ لەمەوبەر بە دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی" دەستی پێکرد، کە ئازادی ژنان لە دڵی خەباتی ئێمەدا دادەنێت، ئەم فەلسەفەیە بەهێزترین وچەکێکی گرنگە لە ڕووبەڕووبوونەوەی نادادپەروەری، و کلیلی بونیادنانی کۆمەڵگەیەکە کە ڕێز لە کەرامەتی مرۆڤ بگرێت و مافەکانی ژنان مسۆگەر بکات، لە بەرامبەر ڕژێمە ستەمکارەکاندا، ژنان هەمیشە پێشەنگ بوون.

 

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، تەڤگەرەکانی ژنان ئەو بڵێسەیەن کە ڕێگای ئازادییان داگیرساند، خەباتی ژنانیش لە ئەفغانستان خەباتێکی وجودییە، شەڕی ژیان یان مردنە بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ژنان و بەرزکردنەوەی ئاڵای ئازادی لە دژی نادادپەروەری، لە سەدەی ٢١ دەنگی ژنان لە هەموو جیهاندا بەرز دەکرێتەوە و داوای ئازادی و دادپەروەری و ڕووبەڕووبوونەوەی سیستمی پیاوسالاری دواکەوتوو دەکەن، بەڵام ئەم ڕژێمانە، جا لە ئەفغانستان، ئێران، یەمەن، تونس، عێراق، تورکیا، یان سووریا، ناتوانێت خەباتی ئێمە سەرکوت بکات، ئێمە لە کۆنگرەی ستار پێمان وایە دەنگی ژنێک بێدەنگ ناکرێت، ئیرادەشی ناشکێندرێت.

 

"پێویستە ژنان بە شێوەیەکی سەربەخۆ خۆیان ڕێکبخەن"

تێیدا هاتووە: هەر هێرشێک بۆ سەر مافەکانی یەک ژن هێرشکردنە سەر هەموو ژنانە، دەستکەوتەکانی ژنانیش میراتێکی هاوبەشن بۆ هەموو ژنان، بۆیە داوای بەهێزکردنی یەکڕیزی ژنانی جیهان دەکەین، چونکە تێکۆشانمان یەکە و دوژمنمان هاوبەشە، ناتوانین پشت بەو وڵات و لایەنانە ببەستین کە ئەم دڕندەییانەی ئەنجامدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، وەک ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان وتی: "داکۆکیکردن لە مافەکانی ژنان پرسێکی ژیانییە کە ناتواندرێت بۆ ڕەحمەتی پیاوان جێبهێڵرێت"، خۆپاراستن پێویستە بۆ بەهێزکردنی توانای خۆمان، بەرخۆدانیش لەو شوێنانەدا سەردەکەوێت کە سیستمی بەهێز و بەردەوام بۆ خۆپاراستنمان ڕێکبخرێت و بونیاد بنرێت، بۆیە پێویستە ژنان بە شێوەیەکی سەربەخۆ خۆیان ڕێکبخەن لە بواری خۆپاراستن و بەرخۆدان و بوارەکانی تر بۆ بەرزکردنەوەی توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان و گەیشتن بە ئامانجەکانی.

 

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا داوای یەکگرتوویی بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە شەڕی هاوبەش لە دژی سیستمی پیاوسالاری کرا.