ماسییە دەریاییەکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا شوێنەکانیان دەگۆڕن

بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ماسییەکان لە دەریا شوێنی ژیانیان دەگۆڕن و دەڕۆن بۆ ئەو ژینگانەی کە پلەی گەرما تیایاندا نزمترە، لە ڕابردوودا گەرمبوونی جیهان کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئیکۆسیستەمی دەریایی هەبووە، جۆرەکانی ماسی لە هەندێک شوێن بە تەواوی نەماون.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی دوایین لێکۆڵینەوە لەسەر کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر زەریاکان، زۆرینەی ژمارەی ماسی لە دەریاکاندا وەڵامی گەرمبوونی جیهان دەدەنەوە بە ڕۆشتنیان بەرەو ئاوە ساردەکان کە نزیکترە لە جەمسەرەکانی باکور و باشوور.

 

توێژەرانی زانکۆی گلاسکۆ بە شیکردنەوەی فراوانی زانیارییەکانی ئێستای جیهان سەبارەت بە گۆڕانکارییەکانی ماسییە دەریاییەکان لە ساڵانی ڕابردوودا، ئاشکرایان کردووە کە چۆن ماسییەکان لە سەرانسەری زەریاکانی زەویدا وەڵامی بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی دەریاکان دەدەنەوە.

 

نوێترین لێکۆڵینەوە ئاماژەی بەوە کردووە کە لە وەڵامی گەرمبوونی زەریاکاندا، زۆرێک لە ماسییە دەریاییەکان بەرەو جەمسەرەکانی زەوی دەجوڵێن یان دەچنە ئاوە قووڵترەکانەوە هەموو ئەمانەش لە هەوڵەکانیاندایە بۆئەوەی بچنە ژینگەیەکی پلەی گەرمای نزمتر.

 

بۆ ژیانی زیندەوەرە دەریاییەکانی وەک ماسی، پلەی گەرمی ئاوی دەوروبەر کاریگەری لەسەر ئەرکە گرنگەکانی وەک میتابۆلیزم، گەشەکردن و زاوزێکردن هەیە.

 

 جگە لەوەش، جۆری زیندەوەرە دەریاییەکان زۆرجار مەودای پلەی گەرمی زۆر کەمیان هەیە کە دەتوانرێت تیایدا بژین و تەنانەت جیاوازی بچووکیش لە ئاوەکەدا ئەستەمە بۆیان ڕووبەڕووی ببنەوە و لەگەڵیدا بگونجێن، لە ئەنجامدا گۆڕانکارییەکانی ژیانی دەریایی کە بەهۆی گەرمبوونی جیهانەوە دروست بووە، تا حەوت هێندە خێراتر بووە لە وەڵامدانەوەی ئاژەڵان لەسەر وشکانی.

 

لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا گەرمبوونی جیهان کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ئیکۆسیستەمی دەریایی هەبووە، جۆرەکانی ماسی لە هەندێک شوێن بە تەواوی نەماون.

 

لە هەندێک حاڵەتدا ڕەنگە ماسییە دەریاییەکان بتوانن لایەنەکانی بایۆلۆجی خۆیان بگونجێنن و بگۆڕێن بۆ ئەوەی خۆیان لەگەڵ بارودۆخی گەرمتردا بگونجێنن، بەڵام لە زۆر حاڵەتدا گۆڕانکاری لە مەودای جوگرافیدا ڕەنگە تاکە ئامراز بێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەرمبوونی خێرا.

 

لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت کاریگەرییەکانی ئێستای گەرمبوونی جیهان لەسەر ئیکۆسیستەمی دەریایی زیاد بکات و پێشبینی دەکرێت پلەی گەرمی دەریاکان بەردەوام بێت لە بەرزبوونەوە، جوڵەی ماسییەکان زۆر گرنگ دەبێت بۆ پاراستنی ئیکۆسیستەمی جیهان و پاراستنی ئاسایشی خۆراک.

 

دوایین توێژینەوە زانیارییەکانی لەسەر ١١٥ ژینگەی ئاوی تاوتوێ کردووە کە هەموو ناوچە سەرەکییەکانی ئۆقیانوسەکان دەگرێتەوە، کە کۆی گشتی ٥٩٥ وەڵامی ماسی دەریایی بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی دەریاکان داوە، یەکەمجارە شیکارییەکی جیهانی گشتگیر ئەنجام بدرێت.

 

ئەگەری ئەوە هەیە کە ڕێژەی گەرمبوون لە هەندێک ناوچەدا زۆر خێرا بێت بۆ ئەوەی ماسییەکان خۆیان لەگەڵیدا بگونجێنن و بۆیە گۆڕینی شوێنی ژیانی ماسییەکان ڕەنگە باشترین ستراتیژی ڕووبەڕووبوونەوەیان بێت بۆ بەرزی پلەکانی گەرما، لە هەمان کاتدا دەبینرێت کە توانای ئەوان بۆ ئەو کارە بەهۆی هۆکارەکانی دیکەی وەک ماسیگرتنیشەوە کاریگەری لەسەرە.

 

جگە لەوەش، توێژینەوەکە دەریخستووە کە چۆنیەتی پێوانەکردن و ڕاپۆرتکردنی ئەم وەڵامانەی کەشوهەوا گرنگە، لە داهاتوودا لێکۆڵینەوەی زیاتر لە هەندێک لە ئیکۆسیستەمەکانی خێراترین گۆڕانی وەک لە باشووری جیهانی پێویست دەبێت بۆ باشترکردنی تێگەیشتنەکان لە چۆنیەتی گۆڕانی ژینگەی ئۆقیانوسەکان.