ڕێکخراوەکانی ژنان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا هێرشە داگیرکارییەکانیان شەرمەزارکرد
پلاتفۆرمی چالاکی هاوبەشی بزوتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنان لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لە بەیاننامەیەکدا هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی باشوری کوردستان و باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریای شەرمەزار کرد.
قامیشلۆ
دەوڵەتی تورک بە هاوکاری پەدەکە لە ١٧ی نیساندا هێرشی کردە سەر خاکی باشوری کوردستان لە دژی ئەو هێرشانە، هاوڵاتیانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا چالاکی ناڕەزایەتیان دژی هێرشەکان بەڕێوەبرد، لەگەڵ باشوری کوردستاندا، دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکاتە سەر خاکی باکور و رۆژهەڵاتی سوریا و هاوڵاتیانی مەدەنی دەکاتە ئامانج، بەو بۆنەیەوە ئەمڕۆ پلاتفۆرمی چالاکی هاوبەشی بزوتنەوە و رێکخراوەکانی ژنان لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا هێرشەکانیان شەرمەزار کرد.
لە بەیاننامەکەدا هەریەک لە پلاتفۆرمی چالاکی هاوبەشی بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنان وەک ئەنجومەنی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ئەنجومەنی ژنانی سوریا، کۆردیناسیۆنی ژنانی خۆبەڕێوەبەری لە باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، ڕێکخراوی کۆنگرەی ستار، یەکێتی ژنانی سوریا و ئەنجومەنی ژنانی پارتی یەکێتی دیموکراتیک بەشداربوون و ڕیحان تەمۆ بەیاننامەی خوێندەوە، تێیدا هاتووە، ئامانجی دەوڵەتی تورکیا لەناوبردنی گەلی کوردە بۆیە بەردەوام هێرش دەکاتە سەر کوردان لە چوار پارچەی کوردستان.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە، "ئێمەی ژنانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بانگهێشتی خەڵکی ناوچەکە دەکەین بۆ یەکگرتن لە دژی ئامانج و مەرامەکانی دەوڵەتی عوسمانی نوێ بە سەرۆکایەتی تەیب ئەردۆغان".