"دەوڵەتی تورکیا گەلی کورد و گەلانی ناوچەکە دەکاتە ئامانج"

دەستپێشخەری دژی داگیرکاریی و کۆمەڵکوژیی ژنان هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای شەرمەزار کرد و داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ کرد لەپێناو ئاشتی و ئاسایشدا دەستوەردان بکەن بۆ وەستاندنی میکانیزمی شەڕی دەوڵەتی تورکیا.

ناوەندی هەواڵ

 

دەستپێشخەریی دژی داگیرکاریی و کۆمەڵکوژی ژنان لەپێناو ئاسایش و ئاشتی ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەی سوپای داگیرکەری تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و داوای لە ژنان کرد کە لەگەڵ گەلی کورد و ژنانی کورددا بن و لەم دۆخەدا هەڵوێستیان هەبێت، " سوپای تورکیا بە بیانووی هەبوونی گەریلاکانی پەکەکە هێرشی بەرفراوانی ئاسمانی بۆ سەر چەندین ناوچەی هەرێمی کوردستان کردووە، هاوکات لەگەڵ هێرشی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەردا، هێزە عێراقییەکان هێرشیان کردە سەر چەندین ناوچەی چیای شەنگال لە عێراق، ئێمە هێرشەکان شەرمەزار دەکەین و لەو باوەڕەداین کە ئەمە خزمەت بە گەلی کورد و عێراق ناکات".

 

لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، " دەوڵەتی تورک بە ئاشکرا دوژمنایەتییەکی گەلی کورد و  گەلانی ناوچەکە دەکات، بوونی هێزی گەریلا تەنیا بەهانە و هەوڵدانە بۆ بەدیهێنانی ئامانجە مەزنەکانی کە داگیرکردنی زیاتری خاکی کوردستانە بۆ ئەوەی خەونی ئیمپراتۆریەتی نوێی عوسمانی بەدیبهێنێت کە لەگەڵ نزیکبوونەوەی ساڵیادی پەیماننامەی لۆزان، چاوەڕێی دامەزراندنیەتی".

 

دەشڵێت: دەکرێت بوترێت ئەگەر پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە شانبەشانی دەوڵەتی فاشیستی تورکیا نەبوایە، ئەوا نەیدەتوانی ئەو کارە بکات، بە ناوی دەستپێشخەریی دژی داگیرکاری و کۆمەڵکوژی ژنان لەپێناو ئاسایش و ئاشتیدا، دەبینین ئەم هێرشە دڕندانەیەی تورکیا دەستکەوتەکانی ژنانی عێراقیش دەکاتە ئامانج، کە ئەمەش بەشێکی نوێیە لە زنجیرەی سیاسەتەکانی تورکیا و سەروەریی عێراق پێشێل دەکات و دەیهەوێت سەروەریی نەتەوەیی چەندین وڵات پێشێلبکات".