لە عێراق ئاستی هەژاری بەرزە و ٩ ملیۆن کەس لە ژێر هێڵی هەژارییەوەن
لە عێراق هەژاری لە لوتکەدایە و سێ ملیۆن خێزان شایستەی یارمەتی چاودێری کۆمەڵایەتین و ٩ ملیۆن کەسیش لەژێر هێڵی هەژارییەوەن.

ناوەندی هەواڵ
عێراق یەکێکە لە وڵاتە دەوڵەمەندەکان بەڵام بەهۆی ململانێ و گەندەڵییەوە دەوڵەمەندییەکەی بۆ وڵات و هاوڵاتییەکانی بەکارنەهێنراوە و ئاستی هەژاری و بێکاری لە لوتکەدایە.
بەپێی لێدوانی بەڕێوەبەری گشتیی بەشی چاودێری كۆمەڵایەتی لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، ٢٠٠ هەزار گەنج لە عێراقدا توانای کارکردنیان هەیە و سودمەندن لە چاودێری کۆمەڵایەتی، سێ ملیۆن خێزان شایستەی یارمەتی چاودێری کۆمەڵایەتین.
هەر بەپێی ئەو بەڕێوەبەرە نۆ ملیۆن هاوڵاتی عێراقی لە خوار هێڵی هەژارییەوەن، وتیشی: ئێمە هەوڵ دەدەین بە کردنەوەی داواکاری بۆ چاودێری کۆمەڵایەتی دادپەروەری بەدیبهێنن و دەشڵێت لە ماوەی دوو ڕۆژی داهاتوودا موچەی ٧٥ هەزار خێزان کە چاودێری کۆمەڵایەتی هاوکاریان دەکات دابەش دەکرێت.