"بە هەوڵی خۆمان دەبین بە خاوەنکاری خۆمان"

دەرچووانی خولی ١٩ی زانکۆی کۆیە باس لەوە دەکەن، کە تەواوکردنی زانکۆ سەرەتای ڕێگەکەیە و دەبێت ژنان کار بکەن و لەسەر پێی خۆیان بوەستن.

شیا کۆیی

 

کۆیە- مەراسیمی خولی ١٩ی دەرچووانی زانکۆی کۆیە بۆ ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤ بەڕێوەچوو، كە زیاتر لە هەزار خوێندکار لە ٢٨ بەشی جیاواز لە شەش فەكەڵتی بەشدارییان تیادا کرد، خوێندکارانی بەشداربوو باسیان لەوەکرد، دەرچوونیان لە زانکۆ سەرەتای دەستکردنیانە بە کارکردن لە بوارەکەی خۆیاندا بێت، یاخود هەر کارێک کە خولیایان بێت.

 

پاوان شێروان، بۆ جاری دووەم دەستی بە خوێندن کردووەتەوە و دەڵێت: دووەم جارە كە دەخوێنم لە زانكۆ، ئەمڕۆ بڕوانامەی زمانی ئینگلیزیم هێناوە بە پلەی یەكەم و سەڕەرای ئەو ئەركەی لەسەرم بوو وەك ژنێك، راستە من بڕوانامەی دیكەم هەبوو، بەڵام خولیای من بوو زمانی ئینگلیزی بخوێنم و ئەمڕۆ توانیم ئامانجەكەم بێنمە دی.

 

پاوان شێراوان هیواخوازە ژنان هەمیشە لە پێشەوە بن و بۆ بەدیهێنانی خەونەكانیان هەوڵ بدەن.

 

خوێندكار نیان قاسم، دەرچووی بەشی بایۆلۆجی فەكەڵتـی زانست و تەندروستی زانكۆی كۆیە، بۆ نوژنها وتی: ئەمڕۆ زۆر خۆم بە خۆشحاڵ دەبینم كە توانیم دوای ماندووبوون و هەوڵ و تێكۆشانی شانزە ساڵی خوێندن بگەین بەم ڕۆژە و پیرۆزبایی لە خۆم و لەسەرجەم هاوڕێكانم دەكەم.

 

نیان قاسم وتیشی: بێگومان هەر تاكێك لە ئێمە كە دەستمان بەخوێندن كردووە، بە كۆمەڵێك ئاوات و هیواوە دەستمان بە خوێندن كردووە، تا بتوانین لەو بەشەی خوێندوومانە كارێكمان دەست بكەوێت، بەڵام كە سەیر دەكەین دامەزراندنمان نیە، بەڵام دەبێت هەر تاكێك لە ئێمە بۆ خۆی كارێك بكات لەو  بواری لێی دەرچووە یان لە هەر بوارێك لێهاتووی هەبێت لێی.

 

ڕێژنە خدر، دەرچوویەكی دیكەی بەشی بایۆلۆجی فەكەڵـتی زانست و تەندروستی زانكۆی كۆیەیە، خۆشحاڵە بە دەرچوونی و دەڵێت: ئێرە كۆتایی نییە بەڵكو سەرەتای دەستپێكردنە، خۆشحاڵم دوای شانزە ساڵ توانیمان بگەین بەم ڕۆژە و پیرۆزبایی لە خۆم و هاوڕێكانم دەكەم، ئێرە كۆتایی نییە، بەڵكو سەرەتای دەستپێكی ئەوەیە دەست بكەین بەكاری خۆمان و لەسەر پێی خۆمان بوەستین، چونكە هەلی كار لە كەرتی حكومی زۆر كەمە.