ئانالینا بایربۆک: تورکیا هێشتا کورد دەکاتە ئامانج
ئانالینا بایربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ڕایگەیاند کە تورکیا هێشتا کورد دەکاتە ئامانج و چارەسەرێک کە کوردەکانیش لەخۆ بگرێت، بۆ داهاتووی سووریا گرنگە.
ناوەندی هەواڵ
ئەنجومەنی فیدراڵی ئەڵمانیا کۆبوونەوەیەکی تایبەتی سەبارەت بە دۆخی سووریا ئەنجامدا و لە کۆبوونەوەکەدا، ئانالینا بایربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەدا، کە پێویستە هەموو پێکهاتەکان جێگەی خۆیان بگرن لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ لە سووریادا.
"تورکیا هێشتا کورد دەکاتە ئامانج"
ئانالینا بایربۆک سەرنجی بۆ دۆخی کورد و هەڕەشەکانی دەوڵەتی تورکیا ڕاکێشا و وتی: ئەڵمانیا لە نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا تێدەگات، بەڵام هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بەو گومانانە بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی، ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە هێندەی تر قورستر دەبێت، ئێستاش کورد لەلایەن تورکیاوە کراوەتە ئامانج. کوردەکانی ناوچەکەش هاوشێوەی ئەڵمانیا بەشێکن لە هاوپەیمانی دژ بە داعش. بۆیە چارەسەرێک کە کورد لەخۆ بگرێت بۆ ئایندەی سووریا گرنگە.
ئانالینا بایربۆک ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ئاسایشی نەتەوەیی ئەوان گرنگە هەموو گروپەکانی سووریا بخرێنە ناو پرۆسەکەوە و وتی: لە سەردانەکەمدا بۆ تورکیا کە ڕۆژی هەینی دەبێت، ئەم بابەتە بە ڕوونی ئاماژە پێدەکەم، ئەگەر ڕوو لە لایەنی جیاواز بکەین، باوەڕ ناکەم هەرگیز ڕێگای ئاشتی بکرێتەوە.