خۆبەڕێوەبەری بۆ جیهان: با پێکەوە شکۆی مرۆڤایەتی و کۆبانێ بپارێزین
خۆبەڕێوەبەری کانتۆنی فورات هۆشداری لە بارەی دۆخی کۆبانێوە دەدات و ڕایگەیاند، "هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ لێرە شکستی هێنا و ئەردۆغانی فاشیستی لەناوبرد. بۆیە هەڕەشەکانی سەر کۆبانێ لە کارنامەی داگیرکاری دایە و کات کاتی پاراستنی کۆبانێیە".
کۆبانێ
خۆبەڕێوەبەری کانتۆنی فورات لە گۆڕەپانی ژنی ئازاد لە کۆبانێ، لە بارەی دۆخی کۆبانێ و پیلانی هێرشی چڕ بۆ سەر شارەکە ڕاگەیەندراوێکی خوێندەوە و ڕایگەیاند، مەترسییەکی گەورە لەسەر کۆبانێ لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکەوە هەیە و بانگەوازی بۆ هەموو گەل و هەموو هێزە ئازادیخوازەکانی جیهان دەکەین، با پێکەوە کەرامەتی مرۆڤایەتی لە کۆبانێ بپارێزین.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا، بەڕێوەبەران و ئەندامانی دامەزراوە خۆبەڕێوەبەرەکان و لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییەکان ئامادە بوون و ڕاگەیەندراوەکە بە زمانی کوردی لەلایەن ئەگین ناسیرۆ، هاوسەرۆکی فاکەڵتی زمان و ئەدەبی کوردی زانکۆی کۆبانێ و بە زمانی عەرەبی لەلایەن لەیلا ئەحمەد، ئەندامی لێژنەی پەیوەندییەکانی پەیەدە خوێندراوەیە و تیایدا هاتووە، "ئێمە هەمیشە ئامادەین کار بۆ چارەسەری هەمیشەیی هەموو کێشەکانی سووریا لە ڕێگەی دیالۆگەوە بکەین، بۆ ئەوەی هەموو پێکهاتەکانی سووریا بە شێوەیەکی ئازاد و ئاشتیانە پێکەوە بژین،
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە هێرشی بەرفراوان بۆ سەر خاکی سووریا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کراوە، کە بە تایبەت دژی گەل لە شەهبا و مەنبج بە هاوکاری دەوڵەتی داگیرکەری تورک بە شێوەیەکی نامرۆڤانە ئەنجام دەدرێت و ژمارەیەکی زۆر لە ژن و منداڵ و بەساڵاچوو گیانیان لە دەستداوە و بە بەر چاوی هەموو جیهانیشەوە ئەنجام دەدرێن،
خۆبەڕێوەبەری ڕاشیگەیاند، لە بەرامبەر ئەو هێرشە نامرۆڤانەدا، شەڕڤانانی قەسەدە و یەپەژە و ئەنجومەنە سەربازییەکان وەڵامی بەهێزی داگیرکەرانیان دایەوە و بەرخۆدانێکی باوەڕپێنەکراویان نیشان دا، لەم پێناوەشدا تێکۆشەرەکانمان قارەمانانە شەهید بوون، دەوڵەتی تورکی داگیرکەر لە ڕێگەی فڕۆکە و هەموو جۆرە تەکنیکێکەوە پشتیوانی چەتەکان دەکات و بە شێوەیەکی دڕندانە دژ بە خەڵکی ناوچەکە وەستاونەتەوە و لە شەهبا و مەنبج و عەین عیسا و گوندەکانی کۆبانی کۆمەڵکوژیان کرد.
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا، ئامانجی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، کە لەناوبردنی خەڵکی ناوچەکە و داگیرکردنی ڕۆژئاوای کوردستانە خرایەڕوو، "ئەمە خەونی دەوڵەتی تورکە، ئەوان ناتوانن خۆبەڕێوەبەری پەسەند بکەن و ساڵانێکە هێرشەکان لە کارنامەی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدایە".
مەترسی لەسەر شاری کۆبانێیە
لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا خۆبەڕێوەبەری کانتۆنی فوڕات ڕایگەیاند، "لە ١٩ی تەمموزدا شۆڕشی گەل لە کۆبانێ دەستی پێکرد، هەروەها هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر کۆبانێ لێرە شکستی هێنا و ئەردۆغانی فاشیستی لەناوبرد. بۆیە بە هەموو وشەیەک هەڕەشەکانی سەر کۆبانێ لە کارنامەی داگیرکاریدایە. کۆبانێ بووەتە چقڵی چاوی ئەوان، لەم ساتانەدا مەترسییەکی گەورە لەسەر کۆبانێ هەیە. بەڵام دەمانەوێت گەل بزانێت چەتەکانی داعش لە کۆبانێ لەلایەن شەڕڤانانەوە لەناوچوون و مرۆڤایەتی هەناسەیەکی وەرگرت، بۆیە جیهان قەرزاری شەڕڤانان و خەڵکی کۆبانێیە، کات کاتی خاوەنداریکردنە لە کۆبانێ".
خۆبەڕێوەبەری کانتۆنی فورات ئەوەشی ڕاگەیاند، "بانگەوازی لە گەلەکەمان و ڕای گشتی دیموکراسی و ئازادیخواز و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هەموو مرۆڤایەتی دەکەین، وەرن هەموو پێکەوە شکۆی مرۆڤایەتی لە کۆبانێ بپارێزین.
بەیاننامەکە بە دروشمی "بەرخۆدان ژیانە" کۆتایی هات.