کۆنگرەی ستار لە لوبنان هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای شەرمەزار کرد
کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە لوبنان هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و بەکرێگیراوەکانی بۆ سەر هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شەرمەزار کرد.
ناوەندی هەواڵ
بە بۆنەی ١٠ی کانوونی یەکەم، ڕۆژی جیهانیی مافی مرۆڤ و کۆتا ڕۆژی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان کۆردیناسیۆنی کۆنگرەی ستار لە لوبنان ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و بەکرێگیراوەکانی بۆ سەر هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا شەرمەزار دەکەین".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، پێشهاتەکانی ئەم دواییە و شەڕی غەززە و شەڕی سووریا سەلامەتی گشتی ناوچەکە دەکاتە ئامانج، دەوڵەتی تورکیا کە پشتیوانی لە گروپە تیرۆریستییەکان دەکات، بەرپرسیارە لەم ڕووداوانە.
بانگەواز بۆ یەکڕیزی لە دژی هێرش و هەڕەشەکان
لە ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە هێزە نێودەوڵەتییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە کە هێرشەکان ڕابگرن و هاوڵاتییانی ناوچە گەمارۆدراوەکان بپارێزن. جەختیش لەسەر گرنگی ڕۆڵی خۆبەڕێوەبەری دیمکوراتیک لە بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی فرە کولتوری لە هەرێمی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا کرایەوە.
کۆنگرەی ستار لە بەرامبەر هێرش و هەڕەشەکاندا، بانگەوازی لە گەل و هێزە سیاسییەکان دەکات، یەکڕیز بن و لە دەوری پڕۆژەی دیموکراتیک لە ناوچەکەدا کۆببنەوە.