هاوڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستان لە سلێمانییەوە هاوکاری بۆ ڕۆژئاوا دەنێرن
بەشێک لە هاوڵاتیانی ڕۆژئاوای کوردستان، کە دانیشتووی باشووری کوردستانن، لە ڕێگای مانگی سوورەوە هاوکاری بۆ ڕۆژئاوای کوردستان دەنێرن.

سلێمانی
لە سۆنگەی هەست کردن بە بەرپرسیاریەتی بەرامبەر هاونیشتیمانیانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان، گروپێک لە ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان، کە دانیشتووی هەولێر و سلێمانین هەڵمەتـێکی سێ ڕۆژەیان بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ خەڵکی ڕۆژئاوای کۆردستان لە سلێمانی ڕاگەیاند.
لە هەڵمەتەکەدا پێداویستی جلوبەرگ، راخەر، بەتانی، پێداویستی ژنان و منداڵان، خواردن کۆدەکرێتەوە و لە ڕێگەی مانگی سوورەوە دەنێردرێت بۆ ڕۆژئاوای کوردستان، تا ببێتە هاوکارییەک بۆ ئەو کەسانەی لە شوێنەکانیان کۆچبەر بوون بەرەو ناوچە پارێزراوەکانی ژێر چەتری خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا.
لە ٢٧ی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، چەکدارانی تەحریر شام هێرشیان کردە سەر شاری حەلەب لە سووریا، سوپای سوریا بە بێ هیچ بەرگریەک کشایەوە، کۆچبەرانی عەفرین لە شەهبا و تل رەفعت، ڕووبەڕووی هێرش بوونەوە و خەڵکێکی زۆر لە شاری حەلەب، شەهبا و تل ڕەفعەتەوە ڕووبەڕووی ئاوارەبوون و کۆمەڵکوژی و هێرشی چەتەکان بوونەوە.