سلێمانی، ڕیزە چالاکییەک بۆ پشتیوانی و هاوکاریکردنی ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیەندرا

ئەمڕۆ لە هۆڵی ڕێکخراوی ئازادبوون بە دروشمی "هەڵمەتی پاڵپشتیکردن لە گەمارۆدراوانی کوردستانیانی ڕۆژئاوا" کۆبوونەوەیەک ڕێکخرا و بڕیاردرا ڕیزە چالاکییەک بۆ پشتیوانی و هاوکاریکردنی ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێبکرێت.

سلێمانی

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە هۆڵی ڕێکخراوی ئازادبوون لە شاری سلێمانی ژمارەیەک لە چالاکوانان و سیاسەتمەداران و کەسایەتییەکانی شاری سلێمانی کۆبوونەوەیەکیان بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، بە تایبەت لە ناوچەکانی تل ڕەفعەت، شەهبا و گەڕەکە کوردنشینەکانی شاری حەلەب لە سووریا ڕێکخست.

 

لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان و سووریا هەڵسەنگێندرا کە لە ئێستادا ڕووبەڕووی گەمارۆیەکی نامرۆڤانەی توند و هەڕەشەی کۆمەڵکوژی بووەتەوە، بە جۆرێک کە هەزاران ژن و منداڵ و پیر لە دۆخێکی ناهەموواردا  ژیان دەگوزەرێنن.

 

لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا ڕیزە چالاکییەک لە شێوەی کۆکردنەوەی هاوکاری و خۆپیشاندان و گردبوونەوە بەڕێوە بچێت و هەڵوێست و پشتیوانی باشووری کوردستان بگەیەنرێت بە ڕۆژئاوای کوردستان.

 

سۆز عەبدولقادر، چالاکوان، باسی لە کۆبوونەوەکە کرد کە مۆرکێکی نەتەوەیی پێوەیە و بۆ پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستانە، وتیشی: کۆبووینەتەوە تا پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان بکەین، تا ئەو سەرکەوتنەی دەمانەوێت بە هەموومان بیهێنینە دی، ئەمڕۆ کۆمەڵێک پێشنیار کرا تا پێکەوە کار بکەین و پشتیوانییەکانمان ببێتە کردارێک کە دەستکەوتی هەبێت.