لەسەر دۆخی ژنانی ئەفغانستان فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەرپرسانی تاڵیبان دەردەکرێت
نوسینگەی داواکاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لاهای بەمنزیکانە لەسەر دۆخی ژنان فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەرپرسانی تاڵیبان دەردەکات.
ناوەندی هەواڵ
لە ساڵی ٢٠٠٣ەوە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لاهای دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لە پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ و تاوانەکانی جەنگ لە ئەفغانستان و لە دوای وەستانێکی کورت، لە ساڵی ٢٠٢٢دا جارێکی دیکە دەستی بە لێکۆڵینەوەکانی کردەوە.
کەریم خان، سەرۆکی داواکاری گشتی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لاهای لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندامی دادگای لاهای لە هۆڵەندا، کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ ژمارەیەک لە ژنانی ئەندامی هاوپەیمانی ژنانی ئەفغانستان بۆ دادپەروەری ئەنجامدا و دواتر لە پێگەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە.
کەریم خان ڕایگەیاند، نووسینگەی داواکاری گشتی دادگاكەمان بەمنزیکانە لەسەر دۆخی ژنان فەرمانی دەستگیرکردن بۆ بەرپرسانی تاڵیبان دەردەکات.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەم دواییانەدا پێشکەوتنی بەرچاو بەدەست هاتووە لە لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە تۆمەتەکانی هەراسانکردنی سێکسی و ڕەگەزی لە ئەفغانستان.