ئیسرائیل منداڵان دەکاتە ئامانج
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەردەوامن، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی ئەو کەسانەی کە گیانیان لەدەست دەدەن منداڵانیش لەلایەن ئیسلائیلەوە دەکرێنە ئامانج و بە تێکڕا هەفتانە ٤ منداڵ لە کەناری ڕۆژئاوا گیان لەدەست دەدەن.
ناوەندی هەواڵ
هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بەردەوامە، ستیفان دوجاریک، وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەی ڕۆژانەی ئەمنیدا زانیاری لەسەر هێرشەکانی سەر کەرتی غەززە دا و ڕایگەیاند لە سەرەتای هێرشەکانەوە بە تێکڕا هەفتانە ٤ منداڵ لە کەناری ڕۆژئاوا گیان لەدەستدەدەن.
زۆربەی ئاوارەکان منداڵن
ستیفان دوجاریک لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا کە لە کەناری ڕۆژئاوای داگیرکراودا منداڵان لە ژێر بارگرانییەکی قورسدان و وتی: توندوتیژیی دانیشتوان منداڵان لە شوێنی خۆیان ئاوارە دەکات، بەهۆی توندوتیژی و شەرەوە هەزار و ٧٠٠ منداڵ ئاوارە بوون لە کەناری ڕۆژئاوا، ئەم دۆخە کاریگەری لەسەر پەروەردەش هەیە و ١٣ هەزار خوێندکار لە ماوەی مانگی ئایاردا نەیانتوانی بچنە قوتابخانە لەم هەرێمەدا.
ئیسرائیل نەخۆشخانەکەی کردە ئامانج
لە لایەکی دیکەوە ڕاگەیەندرا کە ئیسرائیل مۆلیدەی غازی لە نەخۆشخانەی کەمال ئەدوان لە غەززە بۆردوومان کردووە. بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی کەمال ئەدوان، حوسام ئەبو سەفیە لە لێدوانێکی نووسراوی خۆیدا ڕایگەیاند: سوپای داگیرکەر بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان مۆلیدەی غازی ناو باخچەی نەخۆشخانەکەیان بۆردومان کردووە، کە کارپێکردنی هەموو بەشەکانی نەخۆشخانەکە پەیوەستە بە مۆلیدەی بەئامانجکراو و هیچ توانایەک بۆ چاککردنەوەی ئامێرەکە بەهۆی گەمارۆوە نییە.
١٥ منداڵ ژەهراوی بوون
لە ڕاگەیەندراوی نووسراوی بەڕێوبەرایەتی بەرگری شارستانی غەززەدا هاتووە: "١٥ منداڵ و ژنێک بەهۆی خواردنی ئەو کەلوپەلانەی لە قوتوودا بەجێیان هێشتووە لە کاتی هێرشە زەمینییەکانی پێشوو بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی گەڕەکی شوجییەی غەززە ژەهراوی بوون". لە بەیاننامەکەدا تیشک خرایە سەر مەترسییەکانی خۆراکی لە قوتوونراو بەتایبەتی بەرهەمە شیرەمەنیەکان و هۆشداری بە فەلەستینییەکان دراوە کە سوپای ئیسرائیل ڕەنگە بە ئەنقەست خۆراکی تێکچوو بەجێبهێڵێت بۆ ئەوەی زیان بەو کەسانە بگەیەنێت کە دەیخۆن.
لە ماوەی ١٢ کاتژمێردا ١١٢ فەلەستینی کوژران
ئیسماعیل ئەلسەوابیتە، بەڕێوەبەری فەرمانگەی پەیوەندییەکانی حکومەت لە غەززە ڕایگەیاند: لە ١٢ کاتژمێری ڕابردوودا سوپای داگیرکەر هێرشی کردە سەر ناوچەی نیشتەجێبوون لە نزیک نەخۆشخانەی کەمال ئەدوان لە بەشی باکووری کەرتی غەززە، لە کەمپی پەنابەرانی نوسەیرات لە غەززە ناوچەی ناوەڕاستی غەززە و لە خان یونس ٤ کۆمەڵکوژی ئەنجامدراوە و ١١٢ فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە، ٦٤ کەسیان منداڵ و ژن بوون، ٢٢ کەس بێسەروشوێن بوون و زیاتر لە ١٢٠ کەسیش بریندار بوون.
لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە، ٤٤ هەزار و ٥٦ فەلەستینی کە ١٧ هەزار و ٤٩٢ کەسیان منداڵن و ١١ هەزار و ٩٧٩ کەسیشیان ژنن گیانیان لەدەستداوە و ١٠٤ هەزار و ٢٦٨ کەسیش بریندار بوون.