سه‌رژمێریی، بۆ پلانه یان پیلان؟
تابان گه‌رمیانی - نووسەر و ڕۆژنامەنووس
ئێمەی کورد، هیچ گوناهێکمان نییە كه گومان لە هەر پڕۆژە و بڕیارێك بکەین کە لە عێراقدا دەردەچێت، یان له به‌رامبه‌ریدا یەکسەر بیرمان بۆ پیلانی تر بچێت کە له دژمان لە ئارادایە، چ له‌لایەن عێراق خۆیه‌وه بێت یان وڵاتانی دەروبەرمان. مافی خۆشمانه كه ده‌ستبه‌جێ بپرسین: ئایا ئێمەی کورد لە کوێی ئەو پڕۆژەیەداین؟ بارودۆخمان چ گۆڕانكارییه‌كی به‌سه‌ردا دێت؟ به‌تایبه‌تی كه گومانی تێدا نییە پڕۆژەکان له عێراقدا له هه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا، هه‌رگیز لە سوودی ئێمەی گه‌لی کورد نەبووە، چونكه هەرجارێك پڕۆژە و بڕیارێك دەرچووبێت كه په‌یوه‌ندیی به گه‌له‌كه‌مانه‌وه هه‌بێت، جا لەژێر هه‌ر ناو و نیشانێکدا بێت، زۆرجار ده‌ركه‌وتووه كه وەك نەتەوە و وه‌ك خاک و له رووی مرۆڤایەتیشەوە مافێکیان لێ زەوت کردووین و لێیان پچڕیووین، ئیتر لەپێناوی وەرگرتنەوەی ئەو مافە زهوتكراوهشدا ئازار و مه‌ینه‌تیمان بینیوه و بگره هەزارانمان لێ بوونه‌تە قوربانی، یان چه‌ندین جار ڕووبەڕووی ئاوارەیی و ماڵوێرانی و قڕکردنی بە کۆمەڵ بووینەتەوە، بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە، هیچ وڵاتێکیش بە بێ مەرام و بەرژوەندیی خۆی لەسەرمان بە وەڵام نەهاتووە، له‌كاتێكدا كه ناو و ناونیشانی گەورەیان هه‌یه، وەك داکۆکیكردن لە مافی نەتەوەکان و مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادییه‌كان و نه‌هێشتنی چه‌وسانه‌وه و جیاكاریی ره‌گه‌زی و…هتد.
ئێستا ئەوە چەند ڕۆژێکی كه‌ممان ماوە بۆ پرۆسەی سەرژمێریی گشتی کە بووەتە باسێکی گەرمی ناوەندە سیاسییەکان لە عێراق بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی.
بە داخەوە وەك هەموو جارێک کورد لەم پرسە گرنگ و چارەنووسسازەشدا یەك دەنگ و یەك هەڵوێست ده‌رناكه‌وێت و بە چەندین پرسیار و گومانەوە دەچینە ناو ئەم پرۆسەیەوە، لە بەرامبەریشدا هیچ کاغەزێکی گشتگیر و پاكێجێكی هاوهەڵویستییمان نییە كه ئەگەر هات و هەر نیازێکی خراپ لەم پرۆسەیه‌دا هه‌بێت دژ بە کورد، وەڵاممان بۆ ئەنجامە نەرێنییەکانی دوای سەرژمێررییەکە چی دەبێت، چونکە سەرژمێریی بۆ هەر وڵاتێك پرۆسەیەکی ئاسایی و زانستییە و کار لەسەر ئەو داتا و ژمارانە دەکرێت کە دەوڵه‌ت كۆیان ده‌كاته‌وه لەپێناوی خزمەتکردنی هاوڵاتیان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری له‌سه‌ر بنه‌مایه‌كی زانستی و بەپێی قۆناغ و سەردەمەکان.
بەڵام لە وڵاتێکی وەك عێراقێکی فرە نەتەوە و ئایین و مەزهەبی جیاجیا و بیری سیاسیی جیاوازدا، چه‌ندین رەهەندی سیاسی و ناوچەیی لە خۆ دەگرێت كه هیچ گومان هەڵناگرێت لەدوای ئەنجامەکەش، گۆڕانکاری لە بڕیارە سیاسییەکاندا دروست دەبێت و کوردیش لێی بێ بەش نابێت، بەتایبەتی بۆ دیاریكردنی ڕێژەی کورد لەسەر ئاستی ئەو پارێزگا و قەزا و ناحییانەی سه‌ر به ماددەی ١٤٠ی ده‌ستوورن و ناکۆکی سنوور و خاک و بەشە بودجە و رێژەی نوێنەرایەتی پەرلەمانی و پارێزگاکان و.. هتد.
به تایبه‌تی ئەگەر ئێمە تەماشای سەرژمێرییەکان بکەین لە مێژووی عێراقدا، کە هەشت جار کراوە و هەر جارێك بۆ مەبەستێک بووە؛ بۆیە دەبینین هەر سەرژمێرییەك بۆ مەبەستێک کراوە، بەڵام سەرژمێریی ئەمجارەی ٢٠٢٤ جیاواز دەبێت، هەم قۆناغەكه بۆ کورد و ناوچەکەش جیاوازە، هه‌م له‌پشت سەرژمێرییهکەوە زمانی ژمارەکان لێکەوتەی سیاسی بۆ کورد، بەتایبەتی وەك نەتەوە و ئایین و مەزهەبەکان دەبێت.
بۆیە به باوه‌ڕی من، سەرژمێریی ئەمجارە بۆ پاڵاوتن و لە قاڵبدانێکی یاسایی و سیاسیشە، نەك سەرژمێرییهكی ئاسایی بێت، واته ته‌نها بۆ ده‌سكه‌وتنی ژمارە و داتا‌کان و ده‌ستنیشانكردنی رێژەی دانشتیوانی عێراق و نەتەوە و ئایین و رەگەز و تەمەن و باری خێزانی و ڕێژەی بێ کاری و ئاستی هەژاری و سەرچاوەی ئابووری و… هتد نییە، تا هەموو ئەوانە، لە ڕووی سیاسی و خاك و پڕۆژەی ئاوه‌دانی و مرۆییه‌وه خزمەتگوزارییان پێشکەش بکرێت و ژمارەکان و ئەنجامەکان بۆ پلانی خزمەت بێت، ترسه‌كه ئه‌وه‌یه كه ئه‌م سه‌رژمێرییه بۆ پیلانی سیاسەتی پەراوێزخستن و کەمکردنەوەی پێگەی کورد بێت و كاركردن بێت بۆ ئه‌وه‌ی بە زمانی زۆرینە و کەمینە پڕۆژه سیاسییه‌كان به‌ڕێوه‌ببرێن، ئەو کات بوترێت ئه‌وه‌ی هه‌یه ئه‌نجامی سه‌رژمێرییه و ده‌وڵه‌ت نییه، كه ژمارەکان خۆیان وا دەڵێن و ئێمەش بە پێی ژمارەکان مامەڵەتان لەگەڵ دەکەین.