کۆمیتەی ژنانی کۆمەڵە: مەهێڵن داسی مەرگی کۆماری ئیسلامی گیانی تێکۆشەرانی زیندان بچنێتەوە

کۆمیتەی ژنانی کۆمەڵە ڕاگەیەندراوێکیان سەربارەت بە سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی، چالاکوانی سیاسی بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، "مەهێڵن داسی مەرگی کۆماری ئیسلامی گیانی زیاتری تێکۆشەرانی زیندان بچنێتەوە".

ناوەندی هەواڵ

 

١٠ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ دادگای ڕژێمی ئیسلامی ئێران سزای لە سێدارەدانی بەسەر وریشە مورادی، چالاکوانی سیاسی و ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کەژار، سەپاند و لە دژی ئەو سزایەش نارەزایەتی بەرفراوان لەلان ڕێکخستنەکانی ژنان و ئازادیخوازان و کۆمەڵگەی مەدەنییەوە دەستی پێکرد.

 

کۆمیتەی ژنانی کۆمەڵەی کۆمۆنیستی ئێران ڕاگەیەندراوێکیان سەربارەت بە سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی، چالاکوانی سیاسی بڵاوکردەوە و ڕایانگەیاند، "دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی و چالاکوانانی سیاسی و مەدەنیی دیکەدا، بەشێکە لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بۆ درێژەدان بە مانەوەی خۆی لەو بارودۆخە قەیراناوییە کوشندەیەی کە تێیدا گیریخواردوە".

 

دەقی ڕاگەیاندراوی کومیتەی ژنانی کۆمەڵە لە دژی سزای لەسێدارەدانی وریشە مورادی؛

ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خەزەڵوەری ١٤٠٣، ١٠ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، لقی ١٥ی بەناو دادگای کۆماری ئیسلامیی ئێران بە سەرۆکایەتی دادوەر سەڵەواتی تاوانکار، سزای لە سێدارەدانی لە دژی بەندکراوی سیاسی وریشە مورادی دەرکرد. وریشە مورادی چالاکوانی ڕێکخراوی مەدەنی "کۆمەڵگەی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)"ە و هەموو ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی دەکرێن، هەڵبەستراو و بێ بنەمان. وریشە مورادی لە دانیشتنەکانی دادگادا ڕێگەی پێنەدرا بەرگری لە خۆی بکات و دادوەر سەڵەواتی ڕێگەی نەدا پارێزەرەکانی بەرگری لێبکەن. دادوەر سەڵەواتی یەکێک لە بەدناوترین ئەندامانی دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی و لە ڕیزی هاوکارە تاوانکارییەکەی، دادوەر سەعید مورتەزەوی‌دایە.

 

ئامانجی دامودەزگا قەزایی و ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی لە دەرکردنی ئەم جۆرە فەرمانانە، دروستکردنی ترسە لە کۆمەڵگەدا. دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بەسەر وریشە مورادی، پەخشان عەزیزی و چالاکوانانی سیاسی و مەدەنیی دیکەدا، بەشێکە لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامی بۆ درێژەدان بە مانەوەی خۆی لەو بارودۆخە قەیراناوییە کوشندەیەی کە تێیدا گیری خواردووە. بێ هۆ نییە کە زۆرێک لەو بڕیارانەی لەسەر سزادراوانی دادگا ئاساییەکان کە ساڵانێک لەمەوپێش دەرکراون، لە هەلومەرجێکی ئاوادا دەستە دەستە لە سێدارەیان دەدەن. لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا، لە ٦ تا ٢٠ی خەزەڵوەر، نزیک بە سەد زیندانی لە زیندانەکانی ڕژێم لە سێدارە دراون.

 

کۆمیتەی ژنانی کۆمەڵە (رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران) بە توندی سزای لەسێدارەدانی نامرۆڤانە بۆ وریشە مورادی بە تۆمەتی گاڵتەجاڕانەی "بەغی" شەرمەزار دەکات و داوا لە هەموو دامودەزگاکانی مافی مرۆڤ و لایەنە سیاسیەکان لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات دەکات، کە چالاکانە ناڕەزایەتی دژی ئەم سزایە دەرببڕن و نەهێڵن داسی مەرگی کۆماری ئیسلامی گیانی زیاتری تێکۆشەرانی زیندان بچنێتەوە.