لە ئەفغانستان ٣.٢ ملیۆن منداڵ بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی خاچی سوور و مانگی سوور لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، قەیرانی بەدخۆراکی لە نێوان منداڵان و ژنانی دووگیان و شیردەر لە ئەفغانستان بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

٢١ی تشرینی یەکەم، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی کۆمەڵەکانی خاچی سوور و مانگی سوور لە ڕاپۆرتێکدا، وێڕای دەربڕینی نیگەرانی سەبارەت بە قەیرانی بەدخۆراکی لە ئەفغانستان، بەتایبەتی لە پارێزگاکانی قەندەهار و پەکتیکا، ڕایگەیاند کە ئەفغانستان لە نێوان مانگەکانی ئایار و ئەیلوولی ٢٠٢٤دا ئاستی بەدخۆراکی بێ وێنە و مەترسیداری ئەزموون کردووە، کە بووەتە هۆی زیادبوونی لە ناکاوی بەدخۆراکی توند لە نێوان منداڵان، ژنانی دووگیان و شیردەر لە سەرانسەری وڵاتدا.

 

بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، لە ئەفغانستان سێ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ و ٨٤٠ هەزار ژنی دووگیان و شیردەر بەدەست بەدخۆراکی توندەوە دەناڵێنن، لەو ژمارەیەش یەک ملیۆن و ٧٠٠ هەزار منداڵ بەدەست بەدخۆراکی توند و ئاڵۆزییە تەندروستییە پەیوەندیدارەکانەوە دەناڵێنن، بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، ئەم حاڵەتە منداڵ و ژنانی دووگیان و شیردەر دەخاتە مەترسیی مردنی پێشوەختە.

 

ئەم دامەزراوەیە بە ئاماژەدان بە ڕاپۆرتی پێوەرەکانی برسێتی جیهانی، ڕایگەیاند کە دۆخی بەدخۆراکی و برسێتی لە ئەفغانستان خراپتر بووە و هۆکارەکانی وەک زیادبوونی پێداویستییە مرۆییەکان و کەمبوونەوەی بودجەی مرۆیی، خراپتربوونی دۆخی هاوڵاتیانی ئەفغانستان، کە پشت بە هاوکاری مرۆیی دەبەستن بۆ دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیان زیاتر کردووە.

 

بەگوێرەی ئەم ڕاپۆرتە، دۆخی هاوڵاتیانی ئەفغانستان بە تایبەتی لە ناوچە بوومەلەرزە و لافاوییەکاندا لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی زستان خراپتر دەبێت و پێویستە ڕێوشوێنی بەپەلە و جدی بگیرێتەبەر بۆ کەمکردنەوەی برسێتی توند پێش دەستپێکردنی وەرزی زستان لە مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵدا و شوباتی ٢٠٢٥.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە پارێزگاکانی قەندەهار و پەکتیکا لە ناوچە لاوازەکانی قەیرانی بەدخۆراکی ئەفغانستانن و پارێزگای قەندەهار کە ژمارەی دانیشتووانەکەی بە دوو ملیۆن و ٦٧ هەزار و ٧٢٣ کەس مەزەندە دەکرێت، لە پۆلێنکردنی قۆناغی یەکگرتووی نەخۆشی بەدخۆراکی جیهانیدایە. ئەم پارێزگایە ڕووبەڕووی ١٠٣هەزار و ٣٨٦منداڵی خوار تەمەنی پێنج ساڵ دەبێتەوە کە بەدەست بەدخۆراکی توندی توندەوە دەناڵێنن و ٤١ هەزار و ٣٥٤ ژنی دووگیان و شیردەر کە بەدەست بەدخۆراکی توندی مامناوەندەوە دەناڵێنن.

 

هەروەها پارێزگای پەکتیکا کە ژمارەی دانیشتووانەکەی ٨٥٢ هەزار و ٩٣٤ کەسە، زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، ئاستی بەدخۆراکی جیهانی توند بەپێی ڕاپۆرتی لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سوور (IPC) ساڵی ٢٠٢٤ وەک قەیران پۆلێن کراوە. بەگوێرەی ئاماری فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی خاچی سوور و مانگی سوور، پێشبینی دەکرێت لەم دۆخەدا زیاتر لە ٤٧ هەزار و ٦٤٧ منداڵ و ١٧ هەزار و ٥٨ ژنی دووگیان و شیردەر بە سەختی بریندار ببن.

 

نێسیفور موغەندی، سەرۆکی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی خاچی سوور و مانگی سوور  کە دوو هەفتە لەمەوبەر سەردانی هەندێک تیمی تەندروستی گەڕۆک و کلینیکەکانی جێگیر لە قەندەهار کرد، وتی: لە ماوەی کاتژمێرێکدا لەگەڵ هێزەکانی مانگی سوور، تیمێکی چاودێری تەندروستیم بەسەر برد لە شاری پانجاڤای لە ویلایەتی قەندەهار، لە هەر پێنج منداڵ دوو منداڵ بەدخۆراکی توندیان هەبووە. دایک و باوکی منداڵه کان باس لەوەدەکه ن، داهاتی پێویستیان بۆ دابینکردنی خۆراک نەبووه و کەل و ماڵەکانیان فرۆشتوه بۆ ئەوەی بژین، یارمەتی مرۆیی دوا ڕێگەی ئەوانە".

 

فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی کۆمەڵەکانی خاچی سوور و مانگی سوور ڕایگەیاند، پێویستە بە زووترین کات ڕێوشوێنی بەپەلە بگیرێتەبەر بۆ ڕزگارکردنی ژیانی منداڵان و ژنان؛ چونکە لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی زستاندا زۆربەی ناوچەکانی پارێزگاکانی پەکتیکا و قەندەهار ڕووبەڕووی هەوکردنی توندی کۆئەندامی هەناسەدان و نەخۆشییەکانی سکچوون دەبنەوە و ئەم دۆخەش زیاتر لە پێشووتر مەترسی مردنی پێشوەختەی منداڵان دەخاتە بەردەم.

 

بەپێی پرۆتۆکۆڵەکانی "بەڕێوەبردنی یەکگرتووی بەدخۆراکی توند لەسەر بنەمای کۆمەڵگە"، ئەو منداڵانەی کە بەدخۆراکی توندیان هەیە بەبێ هیچ ئاڵۆزیەکی پزیشکی بنەڕەتی پێویستیان بە لانیکەم ٢ مانگ چارەسەری چڕ بە بەکارهێنانی خۆراکی چارەسەری ئامادە بۆ بەکارهێنان (RUTF)هەیە بۆ ئەوەی بە تەواوی چاکببنەوە و لە بەرنامەی چارەسەرکردن دەربچن، بۆیە پێویستە دەستبەجێ دەستێوەردانەکانی "چارەسەری بەدخۆراکی" دەست پێبکرێت بۆ ئەوەی منداڵان پێش لوتکەی وەرزی زستان چارەسەر بکرێن و دەربچن. بە پێچەوانەوە بێ گومان دۆخەکە لە ژێر کۆنتڕۆڵ دەردەچێت و تەنانەت بە هەوڵی هەموو لایەک لە دوای وەرزی زستانەوە کاریگەرییەکەی کەم دەبێتەوە.

 

لە کۆتایی ڕاپۆرتەکەیدا ئەم دامەزراوەیە ڕایگەیاندووە کە پرسی بەدخۆراکی نیگەرانییەکی گەورەی تەندروستی گشتییە کە بەهۆی هۆکارە ئاڵۆز و بنەڕەتی و بەپەلە، لەوانە وشکەساڵی درێژخایەن، گۆڕانی کەشوهەوا، ئاوارەبوونی دانیشتوان، زیادبوونی لەناکاوی تێچووی ژیان، نائاسایشی خۆراک و بەربڵاو بێکاری دەیان ساڵە لە ئەفغانستان هەیە.