ژنانی کاپیسای پابەندی یاساکانی تاڵیبان نەبوون

ژنانی ناڕازی بەرامبەر بە یاساکانی تاڵیبان کە لە دژی ژنانە، بێدەنگ نابن و دەڵێن: ئێمە لە فشار و هەڕەشە و گرتن و ئەشکەنجەی تاڵیبان ناترسین، لەسەر ئەو ڕێگایە بەردەوام دەبین کە هەڵمانبژاردووە.

بەهاران لاهیب

 

کابول- پارێزگای کاپیسا یەکێکە لە پارێزگا بچووکەکان بەڵام ناوچەیەکی گرنگی ئەفغانستانە، دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی کابول. کاپیسا بە دیمەنە سروشتییە جوانەکانی و باخچەی جوان و ڕووباری بەپیت و بەرهەمە کشتوکاڵییە جۆراوجۆرەکانی وەک ترێ و سێو و هتد, بەناوبانگە. کاپیسا میوانداری هاتنی چەندین کولتوور و شارستانیەتی نوێی کردووە، پێکهاتەی نەتەوەیی کاپیسا بە شێوەیەکی سەرەکی لە تاجیک، پشتون و نەتەوەکانی دیکە پێکدێت. وەک پارێزگاکانی تری ئەفغانستان لە دڵیدا کانزاکانی وەک مەڕمەڕ و گینج و زمرد هەیە و داهاتی ئەمانەش دەچێتە گیرفانی دەسەڵاتە نایاسایی و تاوانکارییەکان.

 

تێکۆشان و هێزی گەریلا لە ئەفغانستان

دوای هێرشی ئەمریکا و ناتۆ بۆ سەر ئەفغانستان، پارێزگای کاپیسا بوو بە یەکێک لە ناوەندە سەربازییە گرنگەکانی فەرەنسییەکان. یەکێک لە ئامانجەکانی مانەوەیان دەستەبەرکردنی سەلامەتی خەڵک و بەرەنگاربوونەوەی یاخیبووان و بەتایبەت تاڵیبان و یارمەتیدانی ئاوەدانکردنەوە و پەرەپێدانی ناوچە ناوخۆییەکان بوو. بەڵام ئەو بەڵێنەی فەرەنسییەکان بە خەڵکیان دابوو جێبەجێ نەکرا و لە ئەنجامی شەڕ و هێرشەکاندا زۆرێک لە بنەماڵەکان ئازیزانیان لەدەستدا. لە لادێکانی کاپیسا و دەوروبەری هیچ ڕێگایەک و نەخۆشخانە و قوتابخانە نییە. تاڵیبان لە توندڕەوترین شێوەی خۆیدا، ئێستا دروشمە پووچەکانی بیست ساڵی ڕابردوو بە ڕێبەرایەتی ئەمریکا بەڕێوەدەبات.

 

ئەکبەر و بیلال، دوو بران کە لە پارێزگای کاپیسا شەڕی گەریلاییان دژی هێزە سەربازییەکانی فەرەنسا ئەنجامدا. زلهێزە بیانییەکانیان وەک داگیرکەری خاکی خۆیانیان دەبینی. دژی ئەمە وەستانەوە و دواتر لە ئەنجامی پیلانێک هەردووکیان کوژران. خەبات و هێزی گەریلایی ئەو دوو برایە وەک هێزی تاڵیبان نەدەبینرا، بە خەڵکی سەربەخۆ و نیشتمانپەروەر ناویان دەبرد.

 

ئێستا پارێزگای کاپیسا وەک ناوچەکانی تری ئەفغانستان لەژێر کۆنترۆڵی تاڵیباندایە. ژنان ئیرادەی خۆیان نیشان دەدەن بۆ بەردەوام بوون لە خەبات بۆ ماف و ئازادی خۆیان لە بەرامبەر ئەو فشارانەی کە ژنان بەرەو خۆکوشتن و کوشتن و گرتن و زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان دەبەن، پشتیوانی ژنانی دەرەوەی کاپیسا هەیە بۆ کردەوەی ژنانی قارەمان دژی دەسەڵاتی فاشیستی تاڵیبان، ژنانیش دەڵێن کەس ناتوانێت بێدەنگمان بکات.

 

ژنان سەر دانانەوێنن

ژنانی ئەم پارێزگایە بە شێوازی جیاواز درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن، هەندێکیان بە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی بچووک و نهێنی دژایەتی خۆیان بۆ سیاسەتەکانی تاڵیبان نیشان دەدەن. جگە لەوەش هەندێک لە ژنان هەوڵدەدەن پەروەردەی نافەرمی و لێهاتوویی تەکنیکی و یارمەتیدانی ژنانی دیکەی کۆمەڵگە بکەن، بە دروستکردنی تۆڕی ناوخۆیی و گروپی پشتیوانی. ژنانی کاپیسا هونەر و ئەدەب وەک ئامرازی ناڕەزایەتی بەکاردەهێنن، لەوانە نووسینی بابەت و شیعر و چیرۆک سەبارەت بە بارودۆخی سەختی ژیانی ژنان لە سەردەمی ڕژێمی تاڵیبان.

 

سەرکوتکردن و دەستبەسەرکردنی ژنان نیشانەی هەوڵێکە بۆ بێدەنگکردنی دەنگی ناڕازییان و بەرتەسککردنەوەی چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان و مافەکانی مرۆڤ لە ئەفغانستان.

 

ژنانی خۆڕاگری پارێزگای کاپیسا دەڵێن: "ئێمە لە فشار و هەڕەشە و گرتن و ئەشکەنجەی تاڵیبان ناترسین، لەسەر ئەو ڕێگایەی هەڵمانبژاردووە بەردەوام دەبین، تاکە ترسمان بێدەنگکردنە، هیوادارین خەباتی ژنان بەردەوام بێت و تاڵیبان لەناو ببەن."