ژنێکی داعشی هۆڵەندی بە تۆمەتی کۆیلەکردنی ژنانی ئێزدی دادگای کرا

حۆسنا عەرەب، کە لە ساڵی ٢٠١٥ پەیوەندی بە داعشەوە کردووە لە سووریا، بە تۆمەتی کۆیلەکردنی ژنانی ئێزدی بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی دادگایی دەکرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

١٤ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤، ژنێکی هۆڵەندی ٣٣ ساڵە بە ناوی حۆسنا عەرەب کە لە ساڵی ٢٠١٥ پەیوەندی بە داعشەوە کردبوو، لە شاری شیفۆڵ لە ئەمستردام لە هۆڵەندا بە تۆمەتی "تاوان دژی مرۆڤایەتی" دادگایی کرا.

 

ئەو تۆمەتبارە لە کاتی کۆنترۆڵکردنی بەشێک لە خاکی سووریا لەلایەن داعشەوە، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٥ بۆ ٢٠١٦ لە کۆیلایەتی داعش کە بە "تاوان دژ بە مرۆڤایەتی" دادەنرێت، دوو ژنی ئێزدی لە سووریا بە کۆیلە کردووە، واتە کاتێک لەگەڵ کوڕە بچووکەکەی و هاوژینەکەی، کە چەکداری داعش بووە لە ڕەققە دەژیا، دوو ژنی ئێزدییان وەک کۆیلەی ناوماڵ بەکارهێناوە.

 

هەروەها حۆسنا عەرەب (کە بەپێی ئەوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، بەڕەچەڵەک مەغریبییە) بە "ئەندامبوون لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی لە ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠٢٢ و مەترسی خستنە سەر کوڕە ٤ ساڵانەکەی بە بردنی بۆ ناوچەکانی جەنگ" تۆمەتبارە، ئەم ژنە داعشە کە لە شاری هێنگلۆی هۆڵەندا دەژی، لە ساڵی ٢٠١٥ چووەتە سووریا و تا مانگی ئابی ٢٠١٦ لە شاری ڕەققە ماوەتەوە.

 

هۆڵەندا دووەم وڵاتە کە ئەندامێکی داعش بە تاوانی ئەنجامدانی "تاوان دژی مرۆڤایەتی" دژی ئێزدییەکان دادگایی دەکات. پێش هۆڵەندا، ئەڵمانیا دوو ئەندامی چەتەی داعشی بە تاوانی "تاوانەکانی دژ بە مرۆڤایەتی" و "تاوانی جەنگ" دژی ئێزدییەکان سزا دا.

 

لە ٣ی ئابی ٢٠١٤ چەتەکانی داعش هێرشیان کردە سەر شەنگال و بە خێرایی ئەو شارە و گوندەکانی دەوروبەرییان داگیرکرد، لە ئەنجامی ئەو هێرشە و لێکەوتەکانیدا زیاتر لە حەوت هەزار کەس کوژران و نزیکەی پێنج هەزار ژنی ئێزدی وەک کۆیلە ڕفێنران، ئێزدییەکان دوای هێرشی چەتەکانی داعش پەنایان بۆ چیاکانی شەنگال برد، بەڵام لەگەڵ هاتنی گەریلاکان و هێزەکانی یەپەژە و یەپەگە بۆ شەنگال، داعش شکستی هێنا و لەو ناوچەیە هەڵهات.