"لەگەڵ هەر ئایین و باوەڕییەک، نابێت مرۆڤ لەبەردەم لەسێدارەدان بێدەنگ بێت"

براکەی "س.م" بە هۆکاری سیاسی لەلایەن ڕژێمی ئیسلامییەوە لە سێدارە دراوە. ئەم خوشکەی داواکاری دادپەروەری دەڵێت: زۆرێک لە زیندانییەکان ساڵانی گەنجی خۆیان لە زیندانەکاندا لەدەستداوە و ئەمەش بە کوشتن دادەنرێت"، چیرۆکی تاڵی لەسێدارەدانی براکەشی دەگێڕێتەوە.

ئەمیرە محەمەدی

 

سنە - لە سێدارەدان نەک هەر نابێتە هۆی جێبەجێکردنی دادپەروەری بەڵکوو نادادپەروەریشی لێدەکەوێتەوە، کوشتنی مرۆڤ لە هیچ یاسایەکدا دروست نییە و ناتوانێت ئەنجامێکی ئەرێنی لێبکەوێتەوە. لە لایەکی ترەوە ئەنجامێکی قەرەبوو نەکراو بۆ بنەماڵەی لەسێدارەدراوەکە بەجێدەهێڵێت، چ لە ڕووی دەروونی و چ لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە.

 

س.م، کە براکەی لە سێدارە دراوە، باس لەوە دەکات، کە هەر جارێک کەسێک سزای لە سێدارەدانی بەسەردا دەسەپێنرێت، یادی براکەی دەکاتەوە، یادەوەری خێزانێک دێتەوە بیری کە پەتی سێدارەیان لە ملە و تا دوا ساتەکانی ژیانیان هەستی پێدەکەن، چونکە لەسێدارەدان تەنها بردنی ژیانی مرۆڤێک نییە، دەشڵێت: لەو ساڵانەی کە تێپەڕیون تەنها یەک شت لە مێشکمدا ماوەتەوە و ئەویش بانگەوازی بەیانی بوو لەگەڵ ئەو بێدەنگییەی کە ئێمەی گرتەوە، چونکە دەمانزانی هیچمان نەماوە، لەو ساتەدا تەنها سەیری دایکمم کرد و ڕووخساری بێ گیانم لەبیرە، گیانی لەگەڵ کوڕەکەی دەردەچوو و لەگەڵ ئێمە نەبوو، ئێمە بە چاوی خۆمان دۆزەخمان بینی، بەڵام ئێستا کە باسی دەکەم، یەک شت باش دەزانم، ئەویش ئەو شانازییەیە کە براکەم بەجێی هێشت بۆمان، ڕۆشتنی براکەم بۆ سەر داری سێدارە شانازی ئێمەیە و بۆ هەمیشە قەرزاری ئەوین.

س.م. دەڵێت: براکەم زیندانی سیاسی بوو، بۆ ماوەیەکی زۆر بۆ چاوپێکەوتن ڕێگەمان پێنەدرا، بە هەزار و یەک تۆمەتی درۆ سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا. تا دوا سات دڵنیا بووین کە سزای لەسێدارەدان هەڵدەوەشێتەوە، چونکە ڕێکاری زۆرمان گرتەبەر، لەوانە گرتنی پارێزەر و پەیڕەوکردنی ڕێکارە یاساییەکان، بەڵام نەمانتوانی سزاکە بگۆڕین. تاکە شتێکی بەنرخی باوکم زەوییەک بوو کە بۆ پارەی پارێزەر و خەرجییەکانی دیکە فرۆشتی. هەموومان بە هەموو توانامانەوە هەوڵمان دا بەڵام سەرکەوتوو نەبووین. دایکم و باوکم لە سێدارەدانی براکەمیان قبوڵ نەکرد و خەمێکی گەورەیان لە دڵیاندا هەڵگرتووە، دوای ماوەیەک باوکم بەهۆی جەڵتەی دڵەوە داڕما و دایکم تووشی کێشەی دەروونی و خەمۆکییەکی توند بوو، ئەو خەمە گەورەیەی بەسەرماندا سەپێنرا، خێزانێکی وێران کرد و ئیتر نەبووینەو هەمان مرۆڤەکانی پێشوو. هەرچەندە ئێمە ئێستا بنەماڵەی شەهیدین و ئەوە بەسە بۆ ئێمە، ئەو ڕێزەی لە نێو خەڵکدا هەیەتی لە هەموو شتێک بەنرخترە. ئەم لەسێدارەدانە کاریگەری زۆری لەسەر بیرکردنەوەکانمان هەبوو لەم ساڵانەدا، ناچاری کردم زیاتر بخوێنمەوە، بیربکەمەوە و نرخ بدەم بە ژیان، بەفیڕۆ نەدەم و دەست بە چالاکییە مەدەنی بکەم. ئێمە پێمان خۆش بێت یان نا، ژیانمان تێکەڵ بە سیاسەتە، بۆیە دەبێت وریا بین و زانستی سیاسی بەدەست بهێنین. ڕەنگە پێش لەسێدارەدانی براکەم، ژیانێکی بێمانام هەبووبێت، بەڵام لەم ساتەدا، دەزانم ژیانی ئەو وەرگیراوە، بەڵام زۆرێک جێگەیان گرتەوە، و چۆنیەتی ژیانی ئەو بووە وانەیەک بۆ ئێمە.

 

لە بارەی خۆیەوە س.م. وتی: من مامەڵە لەگەڵ زۆرێک لە بنەماڵەی زیندانییەکان دەکەم و هەندێکیان سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە، هەمیشە لەو ساتە دەترسم کە کارێکیان بۆ نەکرێت و هەمان هەستی ئێمە ئەزموون بکەن. نازانم بارودۆخی ئە کەسەی سزای لەسێدارەدانی لە سەرە چۆنە، بەڵام دەزانم کە خێزانەکانیان هەموو ساتێک لە دەرەوەی زیندان دەمرن، هەموو ساتێک بە هیوای ڕوودانی موعجیزە بەسەر دەبەن، چرکە بۆ ئەوان بە چەند کاتژمێر تێدەپەڕێت، شوێن و کات بۆیان گرنگ نییە، نە دەبینن و نە دەبیستن، لە ڕاستیدا ئەوان لە ژیاندا نین. لەناو زینداندا هەرجارێک براکەم پێی دەگوتین کە جەلادێک دەبەن بۆ جێبەجێکردنی سزاکە، هەموو زیندانییەکان ماتەمینی بۆ دەگێڕن. دەیگوت کە ئێمە لە بارودۆخەکەی تێناگەین، بەڵام هاوسۆزی خۆمان لەگەڵیدا دەردەبڕین و دەبینین ئەگەر بڕیارە بە ڕیسوایی بژی باشترە بە شانازییەوە بمرین... هەمیشە لە قسەکانی توڕە دەبووین و ئەویش ڕەتیدەکردەوە ئەو قسانە دووبارە بکاتەوە و ئەویش دەیزانی کە ئێمە هێشتا لەم بابەتە تێنەگەیشتین، بەڵام ئێستا دەزانم کە بە کەرامەتەوە بمرین چ نیعمەتێکە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا وتی: جیا لە هەموو ئەمانە بە توندی ئیدانەی سزای لەسێدارەدان دەکەم و دەزانم ڕۆژێک دێت کە سزای لەسێدارەدان لە ئێراندا هەڵدەوەشێتەوە، تەنیا پێویستە بەهای یەکتری بزانین و بنەماڵەی زیندانیان و سێدارە بە تەنیا جێ نەهێڵین و هاوسۆز بین لەگەڵیاندا و هەرچی لە تواناماندا بێت بۆیان بکەین.

 

لە کۆتایدا وتی: لە سێدارەدان تەنها زیندانی سیاسی لە خۆ ناگرێتەوە، کوشتنی بێ مەبەست، کوشتنی زۆرەملێ بۆ بەرگریکردن لە خۆ، بەرگریکردن لە دەستدرێژی و هتد لە خۆی دەگرێت، چەندین کوشتن کە مرۆڤ لە هەلومەرجی تایبەتدا ناچار دەکرێت بیکات. بۆیە لە هەر حاڵەتێکدا لە سێدارەدان بە سزایەکی دادپەروەرانە نازانرێت. زیندانی سیاسی لە زیندانەکاندا زۆرن کە گەنجێتی خۆیان لەدەستداوە و ئەمەش وەک لەسێدارەدان وایە. زۆرێک وەک زەینەب جەلالیان، ساڵانێکە لە زینداندان و ڕژێمی ئیسلامیش بکوژی گەنجێتییەکەیانە. گۆلرۆخ ئیرایی، وریشە مورادی، نێرگس محەمەدی، پەخشان عەزیزی، شەریفە محەمەدی و هتد ئەو ژنانەن کە گیانی خۆیان بەخشی بۆ ڕزگارکردنی کۆمەڵگە لە نیزامی ستەمکار و پیاوسالاری ڕژێمی ئیسلامی ئێران و ئێستاش ژیانیان لە مەترسیدایە، پێویستە دەنگی ئەم زیندانیانە بین و بۆ ناسنامە و کەسایەتیان بە نرخ بزانین، نەهێڵین ڕژێمی ئیسلامی ئێران بە بارمتە لە زیندان بیانگرێت. دەبێت بە هەر ئاین و ڕێوڕەسم و هێڵێکی بیرکردنەوە لەبەردەم سزای لەسێدارەدانی زیندانییەکان بێدەنگ نەبین و ڕێوشوێنی پێویست بگرینەبەر.