شاندی ڕۆژنامەنووسان سەردانی کۆمپانیای چەتر و سەنتەری میترۆیان کرد
بۆ باسکردن لە دۆخی ڕۆژنامەنووسان لە باشووری کوردستان و پاراستنی ژیانی ڕۆژنامەنووسان شاندێکی پێکهاتوو لە ڕۆژنامەنووسانی کورد و بیانی لە ئەوروپاوە هاتوونەتە شاری سلێمانی و لەگەڵ کۆمپانیای چەتر و سەنتەری میترۆ کۆبوونەوە.
سلێمانی
شاندێکی پێکهاتوو لە ڕۆژنامەنووسانی کورد و بیانی لە ئەوروپاوە لەسەر داوای ڕۆژن (ڕۆژنامەنووسانی ژنی کوردستان) و دەستپێشخەری ڕۆژنامەنووسانی کوردستان هاتوونەتە باشووری کوردستان و لەگەڵ دەزگا و ڕێکخراوە میدیاییەکان کۆدەبنەوە، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سەردانی کۆمپانیای چەتر بۆ کاری میدیایی و سەنتەری میترۆ کۆبوونەوە.
شاندەکە لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ کۆمپانیای چەتر، کە لە ٢٣ی ئابدا دوو لە ڕۆژنامەنووسەکانیان بە ناوی گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لە هێرشێکی فرۆکەی بێ فرۆکەوانی دەوڵەتی تورکیادا لەسەر ڕێگای سەیدسادق-هەڵەبجە گیانیان بەختکرد، هاوخەمی خۆیان دەربڕیی و دواتریش باسیان لە ڕۆڵی ڕاگەیاندنی ئازاد کرد و کار و خەباتی ئەو کارمەندانەی کە لە کۆمپانیاکەدا کاردەکەن، بەرز نرخاندیان.
هەروەها ئاماژەیان بەوەدا، ڕاگەیاندنی ئازاد سەرەتا لە چەند کەسێکەوە دەستی پێکرد، بەڵام ئێستا بە سەدان کەس لەسەر ئەو ڕێبازە کار دەکات و ترس و تۆقاندن نایانوەستێنێت، وتیشیان: ئەم هێرشانە بە پێچەوانەوە گڕوتینی زیاترمان دەداتێ، دەبێت ڕاگەیاندنی ئازاد هەوڵەکانی خۆی زیاتر بکات و دەنگی حەقیقەت بگەیەنێت بە جیهان.
دوا بەدوای ئەوە شاندەکە سەردانی سەنتەری میترۆیان کرد و گرنگی کاری پێکەوەیی و پاراستنی ڕۆژنامەنووسانیان لە پێشێلکاری و هێرشەکان خستەڕوو، جەختیان کردەوە کە پێویستە دۆسیەی ڕۆژنامەنووسان بە تایبەت گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیدا کاری لەسەر بکرێت.
شاندەکە کە پێکهاتوون لە، ڕۆژنامەنووسان ئالیجە ماگار، ئێمما ئاودری، دلێر ئاکرێی، هەندرین فەرەج محەمەد، ژاڵان زیاعی و دەڤریم ئاڵپ، بڕیارە ماوەی چەند ڕۆژێک لە شاری سلێمانی بمێننەوە و سەردانی چەندین ناوەندی ڕاگەیاندنی و ڕێکخراوی تایبەت بە ئازادیی ڕادەڕبڕین و کایەی ڕۆژنامەگەریی بکەن.