ڕۆژی ڕۆژنامەگەری ژنی کورد؛ نووسەرانی سەد ساڵی حەقیقەت

ڕاگەیاندنی کوردی لە ڕێگەی ڕۆژنامەگەریی ژنانی کوردەوە، بە ماندووبوون و تێکۆشان، چرۆی کردووە و ئەمڕۆش زیاتر لە ٢٧ ساڵە درێژە بەو میراتە دەدرێت و بەردەوامن لە شوێنکەوتنی ڕاستییەکان.

سروە نێرگز

 

سلێمانی- ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی ژنانی کورد، بە هەڵگرتنی میراتی خەباتی ڕۆژنامەگەری ئازاد لەسەر شانی خۆیان و لە ڕۆژی ٧ی تشرینی یەکەم، ساڵڕۆژی گیان بەختکردنی گوربەتلی ئەرسۆز دەستی پێکرد و ژنانی ڕۆژنامەنووسیش بۆ زیندوو هێشتنەوەی تێکۆشانی هەموو گیان بەختکردووان، بە قەڵەم و کامێراکان بەردەوامی بەو میراتەی ژنانی ڕۆژنامەنووسی ئازاد دەدەن و بووون بە دەنگی گەلێک کە جیهان دوژمنیاتی دەکات.

 

ڕۆژی ڕۆژنامەگەری ژنی کورد، لەگەڵ کار و تێکۆشانی گوربەتلی ئەرسۆز دەستی بە کار و خەبات کرد، ئەو لە ١١ی تەمموزی ١٩٦٥ لە گوندی پالو سەر بە خەرپێت لە باکووری کوردستان لەدایک بووە، کاتێک لەدایکبووە باوکی لە ئەڵمانیا کاری کردووە، بۆیە ناوی گوربەتلی لێنراوە. کاتێک چووە پۆلی یەکەمی سەرەتایی، جیاوازی زمانەکەی و هاوڕێ و مامۆستاکانی وای لێکرد بیربکاتەوە و پرسیار بکات. لە زانکۆی چوکرۆڤا، فاکەڵتی هونەر و زانستەکان کیمیای خوێندووە و بڕوانامەی "ژینگە و وزە"ی بەدەستهێناوە.

 

گوربەتلی ئەرسۆز لە تەمەنێکی گەنجیەوە دەستی بە شەڕ و شۆڕش کرد، لە ساڵی ١٩٨٣ لەگەڵ خوێندکارە نیشتمانپەروەرەکانی زانکۆی چوکرۆڤا یەکەمین ڕێکخراویان دروستکرد، لە ساڵی ١٩٨٩ دەستبەسەر و زیندانی دەکرێت، لە مانگی نیسانی ساڵی ١٩٩٣ دوای ئازادبوونی لە زیندان، لە ئۆزگور گوندەم دەست بە کار دەکات.

 

گوربەتلی بە دەستی پەدەکە گیانی بەختکرد

لە ساڵانی نەوەدەکاندا کە گوندەکان لە کوردستان دەسووتێنران، حاڵەتی کوشتن و کۆچکردن و ئەشکەنجەدان و بێسەروشوێنکردنی خەڵکی لەژێر چاودێریدا بوون، گوربەتلی ئەرسۆز بە قەڵەمەکەی ڕاستییەکانی نووسیوە، لە مانگی کانوونی ساڵی ١٩٩٣، لە ڕۆژی مافی مرۆڤ لە جیهاندا، پۆلیسی تورک ڕۆژنامەی ئۆزگور گوندەمی داخست، هەموو ئەوانەی لە ڕۆژنامەکەدا کاریان دەکرد، دەستگیرکران. گوربەتلی ئەرسۆز و ١٧ کارمەندی ڕۆژنامەکە دوای دەستبەسەرکردنیان بۆ ماوەی ١٣ ڕۆژ گواستراونەتەوە بۆ دادگای ئاسایشی ئەستەنبوڵ، گوربەتلی و عەلی ڕەزا حەلیس، بەرپرسی کارگێڕی ڕۆژنامەکە بە بیانووی ئەندام بونیان لە پەکەکە دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی بایرامپاشا کران.

 

گوربەتلی ئەرسۆز نزیکەی ٦ مانگ لە زیندانی بایرامپاشا زیندانی کرا، دواتر دوبارە دادگایی کرایەوە و سزای ٣ ساڵ و ٩ مانگ زیندانی بەسەردا سەپێندرا، هەر دوای ئازادبوونی لە زیندانیش گەڕایەوە سەر کارەکەی و بە درێژای کاری ڕۆژنامەنووسی ڕووبەڕووی هێرش و فشاری زۆر بووەوە، بەڵام کۆڵی نەدا و ئەم جارە لە ڕۆژنامەی ئۆزگور ئولکە دەستی کرد بە کارکردن.

 

دوای فشارێکی زۆری سەر گوربەتلی ئەرسۆز، بڕیاری دا کاری ڕاگەیاند لە شاخ درێژە پێبدات، ئەوە بوو لە ساڵی ١٩٩٥ ڕووی لە چیا ئازادەکانی کوردستان کرد، بۆ ماوەی دوو ساڵ بێ وچان لە چیا ئازادەکانی کوردستان کاری ڕاگەیانی دەکرد و دواتر لە ٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٧ لە هێرشەکانی پەدەکە لە چیای گارە لە باشووری کوردستان بۆ سەر گەریلاکانی ئازادی، گیان بەخت دەکات، گوربەتلی لە نێوان ساڵانی ١٩٩٥ تا ١٩٩٧ ئەو شتانەی لە ژیانیدا ڕوویانداوە لە ڕۆژژمێری خۆیدا تۆماری کردوون بە ناوی "دڵی خۆمم لە چیاکان نەخشاند"

 

ژنانی ڕۆژنامەنووس درێژە بە ناوی گوربەتلی دەدەن

ناوی گوربەتلی ئەرسۆز بۆ زۆرێک لە ژنە ڕۆژنامەنووسانی کورد بوو بە سیمبولی کارکردن و بەهێزکردنی پێگەی ژنان لە کاری ڕاگەیاندندا، کۆڵنەدان و سور بوون لەسەر ئامانجی کارەکەی، ئەوەی دەرخست کە ژنان هەڵگری ئەو میراتە مێژووییەن کە دەتوانن خۆیان مێژووی سەرکەوتنی خۆیان بنووسنەوە.

 

ژنانی ڕۆژنامەنووسی کورد توانیان ئومێدەکانی کۆمەڵگەی کورد بپارێزن و ببن بە هیوای ژنانی جیهان، ژنان وەک پێشەنگێک لە پەرەپێدانی ڕاگەیاندنی ژنان ڕۆڵێکی گرنگیان هەبووە، مێژووی خۆیان لە تەلەفزیۆن، گۆڤار، ڕۆژنامە تا ڕادیۆ نووسیوە. لەگەڵ پەرەسەندنی تێکۆشانی ئازادی، لە ساڵی ١٩٩٣دا یەکەمین گۆڤاری ژنان لە ئەوروپا لەلایەن بزووتنەوەی ژنانی کوردستان بە ناوی "ژنا سەربلند" بڵاوکرایەوە، دواتر لە ساڵی ١٩٩٧ یەکەمین ڕۆژنامەی ژنان بەناوی "ژنا ئازاد" هەموو هەفتەیەک بڵاودەکرایەوە. لە ساڵی ١٩٩٨ گۆڤاری "ژنا ئازاد" لە باکووری کوردستان دەستی بە بڵاوکردنەوە کرد، پاشان گۆڤارەکە لەژێر ناوی جیاوازدا درێژەی بە چاپ و بڵاوکردنەوەی خۆی دا. لە چوار پارچەی کوردستانیش سەدان گۆڤار و ڕۆژنامە و ئاژانس و سایتەکانی ئینتەرنێتی لەلایەن ژنانەوە دامەزراون و بەڕێوەدەبرێن؛ کە ناوی بەشێکیان بەم شێوەیەیە؛

 

ڕزگاری ژنان، ژنا کورد، تەوار، یەکبوون، ژیان، سێبەر، ژینی ئەمڕۆ، دەنگی ئافرەتان، مەهاباد، پەیامی خوشکان، ژنا سەربلند، ژن، دەنگێ ژنێن کوردستانێ، ژنێ ڕابە، یەکسانی، ژبۆ ڕزگاریی ژنان، زینی نوێ، ئارژین، تروسکە، تەوار-ژاڤین، سنور، ڕۆژی نوێ، سپێدە/سپێدەی نوێ، ژن، دەنگی ژنان، بێداری خوشکان، ڕۆناهی، ڕۆزا، دەنگێ/دەنگەک، ژوژن، ئافرەتی ئازاد، ئافرەت، هونەر، دەنگی ژنانی کوردستان، کاروانی ئافرەت، ئافرەتی کورد، خانزاد، دەنگی ئافرەت، چارشێو، ئیلاف، نیوەی لە یادکراو، ژیانەوە، ئایندە، ژیانی ئازاد، میشکات، مافی ئافرەت، بانگەشەی ڕاستی، لە ژیاندا ژنی ئازاد نڤار، ژن و ژیار، کێ خانمە، ژن و ژیان، لاوێژ/ئاوێزە، دەنگی خانمان، دەنگێ ژیان، نوێکار، ڕاسان، پێگە، ڕێوان، شاوشکە، دەنگێ ژنان، دەنگێ ژیان، ڕۆشنایی، ژنان، خواوەند زیلان، ژن و ژیانی نوێ، خاتوزین، ئیشتار، بەهارە زن، بەربانگ، هێلین، ڕەسەن، بەرەو ٨ی مارس، نەوای ژن، دایک، کۆماری ڕۆژ، دەنگی ئەو، هیوای ژنێک، گوڵجار، کچان، وارڤین، زینێ، ڕۆدۆز، ڕەوشەن، ڕاپەڕی، ئاسۆی ژن، بنەڤش، کەژە، یەژا ستار، یەپەژە ستار، ژنها، شوژن، ژن نیوز، ژنۆلۆژی، نەوژین، ژن تیڤی.