سەرەڕای فشارەکان دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای باری کەسێتی عێراق دەدرێت

سەرەڕای کاردانەوەی چالاکوانان و پارێزەران و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک لە هەرێمی کوردستان و عێراق، بڕیارە ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگ لەسەر هەموواری یاسای باری کەسێتی بدات.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی بەرنامەی کاری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیارە کاتژمێر ١:٠٠ی ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، ٢ی تشرینی یەکەم بەڕێوەبچێت، دەنگ لەسەر هەموواری یاسای باری کەسێتیی عێراق دەدرێت.

 

بەپێی یاسای باری کەسێتیی عێراق ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩، هاوسەرگیری کچان لە دادگا دەبێت، بەڵام بەپێی هەموواری یاساکە دایکان و باوکان بڕیاردەری چارەنووسی منداڵی کچی تەمەن ٩ ساڵ و گەورەتر دەبن و ڕێگا دەدرێت لە دەرەوەی دادگاکان و بەبێ ئامادەبوونی دادوەر هاوسەرگیری بکات.

 

چالاکوانان و پارێزەران ئاماژەیان بەوەکردووە، کە هەموواری یاساکە عێراق دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەو مێژووەی کە دژی ژنان و منداڵانەو لە مافە یاساییەکانیان بێبەشیان دەکات.

 

لە ئابی ئەمساڵ، ڕێکخراوی هیومان ڕایتس وۆچ دەربارەی هەوڵدان بۆ هەمووارکردنەوەی یاسای باری کەسێتی عێراقیی، ئاماژەی بەوەکرد، بە تێپەڕاندنی ئەو یاسایە لە پەرلەمانەوە، عێراق پێشێلی چەندین ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی دەکات، لەناویاندا جاڕنامەی مافەکانی منداڵان و سیداو.