کۆیە، لە ساڵیادی دامەزراندنی سەنتەری گەنجانی کۆیەدا کەرنەڤاڵێک بەڕێوەچوو

لە ساڵیادی دامەزراندنی سه‌نته‌ری گه‌نجانی كۆیه‌ کەرنەڤاڵێکی بۆ نمایشی جلوبەرگی ژنان، نمایشی هونەری کۆنگفۆ و وەرزی جیمناستیک و پێشەنگای شێوەکاری بەڕێوەچوو.

شیا کۆیی

 

کۆیە- سەنتەری چالاکیی گەنجانی کۆیە لە یادی ٣٣ ساڵەی دامەزراندنی منداڵپارێزی کوردستان و یادی ٢٢ ساڵەی دامەزراندنی سەنتەری گەنجانی کۆیە کەرنەڤاڵێکی بۆ نمایشی جلوبەرگی ژنان، نمایشی هونەری کۆنگفۆ و وەرزی جیمناستیک و پێشەنگای شێوەکاری بەڕێوەبرد.

 

شه‌هلا‌ نافیز، ده‌رچووی په‌یمانگای هونه‌ره ‌جوانه‌كانی شه‌هید جه‌عفه‌ر‌ له‌ كۆیه، ماوه‌ی چوار ساڵه‌ خوێندنی ته‌واو كردووه‌ و له‌ سه‌نته‌ری چالاكی گه‌نجان پەرە بە کاری شێوەکاری دەدات، بە کارە هونەرییەکانی بەشداری کەرنەڤاڵەکەی کردووە، لەو بارەیەوە وتی: من به‌چه‌ند وێنه‌یه‌ك بەشداریم كردووه،‌ یه‌ك له‌و وێنانه‌م باس له‌ خانویه‌كی كۆنی كۆیه‌ دەکات كه‌ یه‌كێکە‌ له‌ خانووه‌كانی شوێنه‌واری كۆیه‌، ئامانجی من له‌م تابلۆیه‌ ئه‌وه‌یه‌ گه‌ر كه‌سانێك نه‌شتوانن سه‌ردانی بكه‌ن و له‌ نزیكه‌وه‌ شوێنه‌واره‌كانی كۆیه‌ ببینن، بتوانن به‌ تابلۆ بیبینن.

 

شەهلا نافیز وتیشی: له‌ ٢٠١٦ەوە ده‌ستم به ‌كاری هونه‌ری‌ كردووه‌، لەو كاته‌وه‌ زۆر كاری هونه‌ریم كردووه‌ به‌ڵام زیاتر گرنگیم به‌ وێنه‌كێشان داوه‌ و به‌شداری چه‌ندین فیستیڤاڵ و پێشانگام کردووە،

 

سه‌باره‌ت به‌ تێچووی کەرەستەکانیان وتی: ئەم تابلۆیانه‌ خواستی كڕینیان له‌سه‌ركه‌مه، مەگه‌ر داواكاری تایبه‌ت هه‌بێت، ئەگەرنا نافرۆشرێن، به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ سه‌نته‌ری گه‌نجانی منداڵپارێزی كۆیه‌ به‌رده‌وام هاوكارمانن و ئه‌وان پێداویستیه‌كانمان بۆ دابین ده‌كه‌ن.

 

هه‌ر لە كه‌رنه‌ڤاڵەکەدا چەندین نمایشی هونەری کۆنگفۆ و جیمناستیك لەلایەن کچان و کوڕانەوە بەڕێوەچوو، ڕۆبین شاخه‌وان یه‌ك له‌و كچانه‌یه‌ له‌ وه‌رزشی جیمناستیك به‌شداربووە و وتی: دوو مانگه‌ لێره‌ له‌لایه‌ن مامۆستای تایبه‌تەوە ڕاهێنان ده‌كه‌ین و خۆشحاڵم كه‌ ئه‌مڕۆ به‌شداربووم له‌و نمایشه‌ له‌گه‌ڵ هاوڕێكانم.

 

وتیشی: وه‌رزشی جیمناستیك زۆر به‌سوده‌ بۆمان، بۆ كچان و كوڕان هیچ جیاوازی نییه‌ و ئەگه‌ر بته‌وێت ببیت بە یاریزانێکی جیمناستیكی باش پێویستە‌ زیاتر له‌ شه‌ش مانگ ڕاهێنان بکەیت.