یەکینەکانی پاراستنی ژنان داوای بەهێزکردنی خەبات و هەنگاونان بەرەو ڕزگاریخوازی دەکەن

یەپەژە جەختی لەسەر درێژەدان بە خەبات دژی پیاوسالاری کردەوە، هەروەها پشتیوانی لە خەباتی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئێران و لە سەرتاسەری جیهان کرد و ڕایگەیاند، "داوا لە ژنان دەکەین کە لە ڕێگەی فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادییەوە ڕۆحی شۆڕش بەهێز بکەن.

ناوەندی هەواڵ

 

١٦ی ئەیلوول دوو ساڵ بەسەر دەستپێکردنی ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی تێدەپەڕێت، دوای کوژرانی ژنا ئەمینی، یەکەم پریشکی ڕاپەڕینی جەماوەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستیپێکرد و دەنگی ژنان بە جیهاندا بڵاو بووەوە و جەختیان کردەوە کە شۆڕشەکەیان و دەنگەکانیان دەگاتە هەموو جیهان.

 

لە دووەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی ژن ژیان ئازادیدا، یەکینەکانی پاراستنی ژن-یەپەژە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "لە دووەمین ساڵیادی کوشتنی ژنا ئەمینی، کە بووە هۆی ڕاپەڕینی ژن، ژیان، ئازادی لە شاری سەقز و بە سەرتاسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا بڵاوبووەوە، بە هەموو ڕێز و سوپاسێکەوە ژینا ئەمینی و هەموو شەهیدانی ڕاپەڕین بە بیر دەهێنینەوە".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، " لە ماوەی پەنجا ساڵی ڕابردوودا، ژنانی کورد لە ڕووبەڕووبوونەوەی سیستەمی پیاوسالاری پاوانخوازی، لە ڕێگەی خەباتی بەردەوامیانەوە، دەستکەوتی گەورەیان بەدەستهێناوە، یەکێک لە بەرەکانی خەبات بەرخۆدانی ژنانە، کە ئایدۆلۆژیای ئازادی ژنانی لە ڕێگەی هزری ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالانەوە گرتەبەر، ئەمەش بووە هۆی دامەزراندنی ڕێکخراو و بزووتنەوەی خۆپاراستن و یەکگرتووی، ئەمە جگە لە زانستی پەیوەندیدار بە لێکۆڵینەوەی ژنان "ژنۆلۆژی" کە کاردەکەن بۆ بنیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراسی لەسەر بنەمای کۆنفیدڕاڵیزمی دیموکراتیک و خەباتێکی هەمەلایەنە لە دژی ڕژێمە تاکڕەوەکان و دەوڵەتە نەتەوەییەکان بەڕێوەدەبەن، کە دەسەڵاتی پیاوان و سوپای پیاوان زاڵن تیایدا، یەکێک لە گۆڕەپانە گرنگەکانی خەبات ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانە، ژنان ڕووبەڕووی دەسەڵاتێکی پاوانخوازی ناسیۆنالیستی و هەژموونی پیاوانە دەبنەوە، لە کاتێکدا ژنان لە سەرەتاییترین مافەکانیان زەوت دەکات.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "هەرچەندە شۆڕشی ئێران دەرەنجامی خەباتی هاوبەشی گەلان و ژنان بوو، بەڵام چەند پیاوێکی پاوانخواز توانیان سەرکوت بکەن و بۆ بەرژەوەندی ئایدۆلۆژیای ناسیۆنالیستی و ئایینی بیقۆزنەوە. لەبەرامبەردا ژنانی کورد و ئێران بەردەوام بوون بۆ بەرەنگاربوونەوە، لە زیندانەکانەوە تا قوتابخانە و زانکۆکان و تەنانەت لە گۆڕەپانەکانیشدا لە ڕووی ئابووری، سیاسی و کولتوورییەوە، ژنان شەڕێکی بێوچان بەڕێوەدەبەن و ڕژێمی پیاوسالاری ئێرانیش بە دڕندەیی و توندڕەوی وەڵامی ئەم خەباتە دەداتەوە، وەک ئەوەی بەسەر ژینا ئەمینی هێنرا کە ئەشکەنجەدرا و کوژرا، ئەمەش توڕەیییەکی بەرفراوانی جەماوەری لێکەوتەوە".

 

لە ڕاگەیەندراوەکەی یەپەژەدا باس لە سەرهەڵدان دەکات کە لە دوای بە خاکسپاردنی ژینا ئەمینییەوە لە سەقزەوە بۆ هەموو بەشەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بڵاوبووەوە و شەپۆلێکی ڕاپەڕینی جەماوەری لە دژی ڕژێم هەڵگیرساند، "هەزاران کەس کوژران و سەدان کەسیش زیندانی کران، لەگەڵ ئەوەشدا ناڕەزایەتییەکانی دژی ڕژێمی ئێران ئەم دەسەڵاتە ستەمکارە نەوەستا و خەباتی ژنان بەردەوامە و ڕاپەڕینی “ژن، ژیان، ئازادی”یش بە پێشەنگایەتی ژنان ناوەستێت تا دادپەروەری و یەکسانی کۆمەڵایەتی بەدەست نەهێنرێت.

 

یەکینەکانی پاراستنی ژنان لە ڕێگەی ئەو ڕاگەیەندراوەوە جەختیان لە درێژەدان بە خەبات دژی پیاوسالاری لە هەموو شوێنێک کردەوە، هەروەها پشتیوانی خۆیان لە خەباتی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئێران و لە هەموو جیهاندا دووپات کردەوە و دەڵێن: داوا لە ژنانی کورد دەکەین لە ڕێگەی فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی"یەوە ڕۆحی شۆڕش بەهێز بکەن و بەرەو ڕزگاری هەنگاو بنێن.