هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لە شەهبا ئیدانە کرا

ئەنجومەنی کانتۆنی عەفرین-شەهبا بە ڕاگەیاندراوێک هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی بۆ سەر شەهبا و شارۆچکەی شێراوای عەفرین شەرمەزار کرد.

شەهبا

 

هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک و بەکرێگیراوانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر شەهبا و شارۆچکەی شێراوای عەفرینی داگیرکراو لەم دواییانەدا چڕتر بووەتەوە، کە کۆچبەرانی عەفرین تێیدا نیشتەجێ بوون و ماڵی خەڵک و کامپەکانی کۆچبەرانیان کردووەتە ئامانج، لەوانەش ژنان و منداڵان لەم هێرشانە گیانیان لەدەست دەدەن، ئەنجومەنی کانتۆنی عەفرین-شەهبا ڕاگەیندراوێکی بۆ ئیدانەکردنی ئەم هێرشە دڕندانەیە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بڵاوکردەوە.

 

ڕاگەیاندراوەکە لە بەردەم ئەنجومەنی کانتۆنی عەفرین- شەهبا لە کامپی سەردەمی شارۆچکەی ئەحداسی شەهبا بە بەشداری ئەندامان و نوێنەری دامودەزگاکان کرا. هەروەها وێنەی ئەو منداڵە گیانبەختکردووانەیشان بەرزکردەوە.

 

"خەڵکی مەدەنی بە منداڵ و ژنانیشەوە دەبنە ئامانجی هێرشەکان"

ڕاگەیەندراوەکە لەلایەن شیلان شێخۆ، ئەندامی ئەنجومەنی عەفرین-شەهبا خوێندرایەوە و وتی: دەوڵەتی داگیرکەری تورک و بەکرێگیراوەکانی سیاسەتی خوێناوی خۆیان لە کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی مەدەنی بەڕێوەدەبەن بە مەبەستی شاردنەوەی شکستەکانیان لە بەرەکانی پێشەوە بەرامبەر بەهێزەکانی ڕزگاری عەفرین. بەردەوام و ڕاستەوخۆ بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپخانە هاوڵاتیانی مەدەنی لە گوند و شارۆچکە و کامپەکانی عەفرین و کانتۆنی شەهبا دەکەنە ئامانج، شەهید و بریندار زۆرن لەوانەش منداڵ و ژن و بەساڵاچوو و لەلایەن میدیاکان و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکانەوە بەڵگەیان لەسەرە، ئێمە هێرش و تاوانەکانی دەوڵەتی تورک دژی خەڵکی مەدەنی لە کانتۆنەکانی عەفرین و شەهبا و خەڵک و ڕێکخراوەکان و لایەنە مەدەنی و کۆمەڵایەتی و ئایینییەکان ئیدانە دەکەین.

 

"ئێمە تێکۆشانی خۆمان ڕاناگرین"

لە کۆتایی ڕاگەیەنراوەکەدا شیلان شێخۆ ڕایگەیاند، تا عەفرین و ناوچە داگیرکراوەکان ئازاد نەکەن، تێکۆشانی خۆیان ڕاناگرن و وتی: سیاسەتی دڕندە و خوێناوی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر بە خەڵکی مەدەنی بە ئامانجی تێکشکاندنی بەرخۆدانی گەلە، هەروەها ئامانجی چۆڵکردنی ناوچەکەیە بەمەبەستی جێبەجێکردنی سیاسەتی فراوانی خۆی لە سووریا، تا ئازادکردنی عەفرین و ناوچە داگیرکراوەکانی دیکەی شەهبا تێکۆشانی خۆمان ڕاناگرین.